پێوەری فیداکاری و هاوسەنگى لە بەخشیندا

پێوەری فیداکاری و هاوسەنگى لە بەخشیندا

پرسیار: ئایا ئەو خزمەتانەى کە لە ڕێى خوای گەورەدا دەکرێن سنورێکیان هەیە ؟ ئایا پێوەرى فیداکارى مادى و مەعنەوى کەسێک دەبێت چۆن بێت کە خۆی بۆ خزمەتە پەروەردەییەکان تەرخان کردووە؟

وەڵام: وەک ئاشکرایە، لە سۆنگەى پەیوەست بوونیان بەخواى گەورەوە مرۆڤەکان هەموو لە یەک ئاستدا نین، ڕەنگە بە هێندەى ئەرز و ئاسمان جیاوازیان هەبێت .بەواتایەکى دى هەر کەسەو بە پێی ئاستی ئیمان و مەعریفەت و خۆشەویستى بۆ خواى گەورە و، عەشق و، تامەزرۆیى خۆی لەگەڵ زاتى حەقدا پەیوەندیەکى جیاوازى هەیە. بۆ نموونە، هاوکات لەگەڵ بوونی کەسانێک کە هەموو فەرمانەکانى خواى گەورە بەوپەڕى هەستیاریەوە بە جێدەهێنن و بەمەش تێر نابن و هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگەى ئەنجامدانى سوننەتەکانەوە زیاترو زیاتر خۆیان لە خواى گەورەوە  نزیک بکەنەوە، کەسانێکى دیکە هەن کە تەنها ئەو فەرزانە بەجێ دەهێنن کە خواى گەورە لە سەریانی فەرزکردووە. بەڵام ئەوە ڕاستیەکە، کە نابێت بە کەم بڕوانرێتە پەیوەندی هیچ کەسێک لەگەڵ خواى گەورەدا گەر لەهەر ئاستێکیشدا بێت .لەبەرئەوەى بەکەم زانینی ئەم مەسەلەیە، بەواتاى بەکەم ڕوانینە لەو شتەى کە لەلاى خواى گەورە بەبایەخە. بابەتەکە کەمێک زیاتر ڕوون دەکەینەوە، گەر کەسانێک لەڕۆژگارێکى تاریک و خلیسکى وەک ئەمڕۆماندا کە فیتنەکان باڵیان بەسەر هەموو لایەکدا کێشاوە، کەلیمەى شهادەت بڵێن و پێنج فەرزەى نوێژ بەجێ بگەیەنن و ڕۆژووى رەمەزانى پیرۆز بگرن و، زەکات بدەن و حەج بەجێ بهێنن، سەرەڕاى ئەمەش کاتێک ڕووبەڕوى هەندێ هێرش و ناووناتۆرەی وەک سەر بە فڵان و فیسار بوونەوە ئەوان گوێی نەدەنێ و خۆڕاگربن، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمان دامەزراوییەکی باشیان هەیە. لەو باوەڕەداین کە ئەم جۆرە کەسانە لە ئاخیرەتدا دەبنە جێى درەوشانەوەى لوتفە ناکۆتاکانی خوای گەورە (جل جلالە) .لەبەر ئەوەى ئەنجامدانی هەر کارێک کە لە پێناوی خوادا دەکرێت، لەبار و دۆخێکی ئاوا سەختدا، لاى خواى گەورە بەهایەکى زۆر جیاوازترى هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە نابێت ئەوفیداکارییە بە کەم ببینرێت کە هەر کەسێک بە گیان و سەروەت و سامانی دەیدات لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی خزمەتێکدا، جا دەبێت هەموو هاریکاریەکی ئەم کەسانە بە ڕێزەوە لێى بڕوانرێت.

مەبەست لە پیاهەڵدانى جوانیەکان دەبێت بەرز نرخاندنی هەوڵەکان بێت

ئەگەر لە ڕوانگەى بەخشینەوە سەیرى بابەتەکە بکەین دەبینین کە لە عەسری سەعادەتیشدا جیاوازى پلە لە نێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا هەبووە. بۆ نموونە پێش سەفەرى تەبووک کاتێک داوا لە هاوەڵان کرا کە سەروەت و سامانەکەیان ببەخشن، سەروەرمان حەزرەتى ئەبوبەکر هەموو سەروەتەکەى دانا، کاتێک پێغەمبەری خوا لێى پرسى "چیت بۆ ماڵ و مناڵەکەت جێهێشتوە؟" لە وەڵامدا فەرمووی: "خواو پێغەمبەرەکەیم بۆ جێهێشتون" ئیتر ئەمە پلەى صدیقیەتە(ڕاستگۆیی تەواو). جا ئەو بەرامبەر خوا و پێغەمبەرمان (صلی الله علیه وسلم) ڕاستگۆ و،لە پەسەندکردنی ئیسلامیشدا موسوڵمانێکى بێ وێنە بوو. حەزرەتى عومەریش نیوەى سەروەتەکەى هێنا و بەخشی) بێگومان پێویستە لێرەدا ئەوەش باس کەین کە وتنی ئەوەی کە حەزرەتى عومەر زۆر لە دواى حەزرەتى ئەبوبەکرەوە بووە، بێڕێزى نواندنە بەرامبەری، چونکە حەزرەتى عومەریش بە گوێرەى خۆى کۆمەڵێک لایەنى بەرز و پڕ سەنگی هەبووە.) هاوەڵانى وەکو حەزرەتى عثمان و عبدالرحمن کوڕی عەوفیش نزیکەی پێنج سەد حوشتریان بەخشی. بەپێى تواناکانى ئەو ڕۆژگارە دەکرێت ئەمە لەمڕۆماندا وەک پێنج سەد مارسیدس بخەمڵێنرێت. حەزرەتى عەلى واتایەکی قوڵتری ئیخلاسى بە کارەکە بەخشی و بەشێکى سامانەکەى بە شاردراوەیى و بەشێکیشی بە ئاشکرا دەبەخشى. ئەو بەشەى کە بەئاشکرا دەیبەخشى بۆ ئەوەبوو کە ببێتە نمونەیەکى جوان بۆ کەسانی تر و پیشانى بدات کەئەمیش دوانەکەوتووە لە خەڵکانی تر لە بەخشیندا؛ لە لاکەی تریشەوە بە شاردراوەیی دەیبەخشی و دەیویست تەنها  خواى گەورە لە بەخشینەکەی ئاگادار بێت. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەبووە بە دوو سێ لەوێچ خورما و سێ چوار قڕوش بەشدارى لەم کاروانە پڕ خێرەدا کردووە. خۆ لە بنەڕەتدا سروشتى مرۆڤەکان هەموو کات هەر بەم شێوەیە بووە. بەڵێ لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەموو ماڵ و سەروەتەکەیان بەخشیوە، کەسانێک هەبوون کە نیوەى سەروەتەکەیان، چارەکیکى یان لە دەیا یەکى سەروەتەکەیان بەخشیوە. بۆیە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆشدا دەبێت ئەوە لە یاد نەکرێت کە لەوانەیە هەمان ئەم شتانە ڕوو بدەنەوە، بۆیە بچوکترین فیداکاریش دەبێت هەڵبسەنگێنرێت و بەرز ڕابگیرێت.

پێویستە ئەوەش بزانین کە بەرز ڕاگرتنی فیداکاریە بچوکەکان، لایەنێکى مەسەلەکە پێک دەهێنێت .جا لایەنەکەى ترى مەسەلەکە بریتییە لەوەی کە بە بەردەوامی هەوڵبدرێت پێگە و ئاستی زیاتر بە مرۆڤەکان بەدەست بهێنرێت و پەنجە بۆ یەک بە یەکی دەرگا خێریە نوێیەکان ڕابکێشرێت تا ئامانجەکانیان نیشان بدرێت .چونکە هەموو مرۆڤێک توانای ئەنجامدانی چەندین کارى جوان و کردەوەى چاکی هەیە لە سەرووى ئەو ڕێژە وەزیفە کەمەی کە بۆخۆی داناوە .لەم ڕوانگەیوە مرۆڤ  هیچ کاتێک نابێ ورەی نزم بێت، هەمیشە پێویستە هیممەت و ورەی خۆى بەرز ڕابگرێت. لەگەڵ هاتنى هەر بەیانیەک بۆ جارێکى تر دەبێت هەوڵ بدات لە ویژدانى دا بەشێوەیەکى قوڵتر هەست بە خواى گەورە بکات و، بە شێوەیەکى قوڵتر لە گەڵ ڕۆحی دیندا بژی، هەروەها بگەڕێت بە دوای ئەو  ڕێگایانەی کە  پەیوەندى گیانی و قەلبی لە نێوان ئەو و پێغەمبەری خوادا (صلى الله علیه وسلم) زیاد دەکەن و بەردەوام  لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستیدا بێت. هەروەها هەرگیز نابێت ئەو ئاستە بە زۆر بزانێت کە پێى گەیشتووە، بەڵکو دەبێت بە بەردەوامى بڵێت "هل من مزید ؟ ئایە لەمە زیاتر دەست ناکەوێت؟" و لە ئەسپەکەی بژەنێت و بەردەوام ئەسپەکەی بەرەو پێشتر تاو بدات .تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک بگاتە پێگە و ئاستى "فنى في اللە" و "بقى بااللە"، واتە لەبەر درەوشانەوەی نوورى وەجهی سوبحانی خواوەند هەموو بونەوەرانی لەبەر چاو بسڕدرێتەوە و، هەموو شتێکى فانى و شتانێک کە دێن و دەڕۆن وەلاوە بنێت و پاش ئەوەی لایەنى جیسمانى و نەفسانى نەما بە وجوودێکی نەمرییەوە سەر لە نوێ بێتەوە ناو بوون و، زیندوبوونەوەیەکی جیاواز بەسەر ڕۆح و دڵ و هەستەکانیدا ڕووبدات و بەم شێوەیە ببینێت کە سەری توندبووە لە بەرزترین سەقفی ئەو ئاستەی کە ئەم پێیدەگات، سەرەڕای هەموو ئەمانەش دەبێ هیممەتی بەرز ڕابگرێ و بڵێت:  "خوایە گیان توانایەکی وام پێ ببەخشە کە لە سەروو ئامادەگی خۆمەوە بێت و قووڵبوونەوەم لەم توانایانەدا پێ ببەخشە و لەهەمان کاتدا شەستە بارانی لوتف و بەزەییت بە سەرتاپای گیانمدا ببارێنە!"

بەڵێ، ئەگەر مرۆڤەکان لە ژیانى قەلبی و ڕۆحیاندا، یاخود لە ڕێی خزمەتکردنی حەق و ڕاستیدا چەندێک ئاستیان جیاوازیش بێت، پێویستە ئەوە بزانرێت کە بۆ ئەوانەش کە بچوکترین بەشى کارەکەیان لە ئەستۆ گرتووە هەمیشە ڕێگاکانى سەرکەوتن و خۆبەرەو پێشبردن کراوەیە. جا ئەو کەسانە بە هەست کردن بە ناوەڕۆک و بنچینەى ئەو خزمەتانەی کە دەیکەن زیاتر بە گیان و دڵ دەبنە خاوەنى، خۆ بە بەردەوام بونیان لە کردنی ئەو کارانەى کە لەسەریان پێویستە وەک بڵێى پاش ماوەیەک لە دڵیاندا نەخش دەکێشێت و دەبێتە بەشێک لە سروشتیان. جا وای لێدێت گەر ڕۆژانێک دابێت و لەو خزمەتەی کە دەکرێت ئەمانی تێدا پێویست نەبێت، ئەرکێکیان پێ نەسپێردرێت و، پێیان نەوترێت "وەرە ئەو کارە لە ئەستۆ بگرە"، ئیتر ئەمان وا هەست دەکەن کە لە بۆشییەکى زۆر قوڵدا هەڵس و کەوت دەکەن و ئەم بارەی خۆیان وەک مردنێک دێتە بەرچاو و لە دڵە کوتێ و بێ ئۆقرەییدا چوار پەلیان دەشکێت و بەردەوام ڕاکە ڕاکیان دەبێت لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگای جیا جیای بەخشیندا.

باش ناسینى کەسی دوێنراو

ئەگەر بێت و بمانەوێت زیاتر ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە ئەوا بەم شێوەیە دەبێت: هەندێ کەس مەسەلەکە لە سۆنگەى ئەو حوکمە شەرعیە جێگیرانەوە هەڵدەسەنگێنن کە لە مەدینەى مونەووەرەدا هەبووە و تەنها بەوە وازدەهێنن کە فەرزەکان بەجێ بگەیەنن. گەر بێتو ئەوانە یەک لەسەر چلى زەکاتەکەیان بدەن یاخود یەک لە دەی بەرهەمەکەنیان ببەخشن، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە وەزیفەکانى خۆیان بەجێگەیاندووە. بەڵام هەندێ کەسی تر مەسەلەکە بە پێی ئایەتە مەککەییەکان لێک دەدەنەوە و وەک بەشێکی ڕەها بۆی دەڕوانن، چونکە لە ئایەتە مەککەییەکاندا بە شێوەیەکى ڕوون و ئاشکرا باس لە بڕى بەخشین نەکراوە، بۆیە چەندێک بۆیان کرابێت لە ماڵ و سامانەکانیان بەخشیوە. لەم خاڵەدا ئەوانەى کە خزمەت بە حەق دەکەن و پێشەنگن لە ئەرکى بەجێگەیاندنى خزمەتە دینییەکان، دەبێ لە هەوڵی  ئەوەدابن کە کەسەکانى تریش والێبکەن بەشدارى لەم عادەتە جوانەدا بکەن. دەبێت  ئەمانە کەسانێک بن کە بە ڕاستبینی و فیراسەتەوە جموجوڵ بکەن و کەسەکانى بەرامبەریان زۆر بە باشى بناسن، کە ئەمەش بەشێکى هەرە گرنگى مەسەلەکەیە. ئەگەر بێتو ئەوان ئەو ئیشانە بەکەم ببینن کە دەکرێن، یاخود هەڵسان بە پێدانى کارێک کە لەتواناى مرۆڤەکان زیاتر بێت و نەتوانن بەجێى بگەیەنن، ئەوا خوا بمان پارێزێت وا لە کەسانى بەرامبەر دەکەن کە هەستى ڕق لێ بوون و، نەویستن و بێزار بونیان لا دروست ببێت. لێرەدا بۆ ئەوەى پێوانەیەک دروست بێت، دەمەوێت یادەوەرییەکى خۆمتان بۆ باس بکەم کە هەروەک ئەمڕۆ لەیادمە. لە "ئیزمیر بۆزیاکە"دا یارمەتى بۆ خەڵک کۆدەکرایەوە، لەوێدا لە پاش وتارێک لەسەر گرنگى بابەتەکە بە نیازى کەمێک حەسانەوە بەرەو ئەو ژوورە ڕۆیشتم کە پێمدرابوو و بەکارم دەهێنا، بینیم کەسێک لە قادرمەکانەوە بە هەڵەداوان بەرەو لاى من هات، پێشتریش ئەم زاتەم دەناسی کە تازە لە پیشە حکومییەکەیدا خانەنشین بووبوو، کلیلى ئەو خانوەى دایە دەستم کە بە موچەى خانەنشینیەکەی کڕی بووى و پاشان وتى: " هەموو ئەوانەی کە لە خوارەوەن پەیمانیان دا کە هەرچى لە توانایاندا بێت بیبەخشن، منیش لەمە زیاتر هیچ سەروەتێکی ترم نەبوو. لەبەرئەوە منیش کلیلى خانووەکەمت دەدەمێ" لەبەرامبەر ئەم تابلۆ حەزینەدا ئەوەم بۆ ڕوونکردەوە کە لە دیندا تەکلیفێکى لەم جۆرە نییە و کلیلەکانم دایەوە دەستى و، پاشانیش پێم وت: "بڕۆرەوە ماڵەوە و، لەگەڵ ماڵ و مناڵی خۆتدا دانیشە. هەرکات خوای گەورە سەروەت و سامانی پێیدایت، ئەو کاتە بیبەخشە". لەو بڕوایەدام ئەگەر بێتو مەسەلەکە بە یاسا و هاوسەنگییەکى ئاوا لێکنەدرێتەوە، وەک ئەوەی لە پێشتر باسمان کرد، ئەو کاتە وا دەردەکەوێت کە لە دینەکەماندا زۆرلێکردن هەبێت. ئەمە لەکاتێکدا لە سورەتى (البقرە)دا خواى گەورە دەفەرموێت "لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّینِ" کە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە "لە دیندا زۆر لێکردن نى یە". بەڵێ، جا لە کاتى پەسەند کردنى دیندا بێت، یاخود لە کاتی ئەنجامدانی ئەو کارانەدابێت کە بە ناوی دینەوە دەکرێن، نابێت بە هیچ جۆرێک زۆر لێکردن هەبێت.

بەڵێ، ئاینى ئیسلام لەسەر زەمینەی ئاسانکارى دامەزاوە. ئەگەر هاتوو بە شێوەیەک قورستان کرد کە لە سەروو سروشت و توانای مرۆڤەکانەوە بێت، ئەوا وا لە مرۆڤەکان دەکەن کە ئیدى تواناى گوزەران کردنی دینایان نەمێنێت. جا ئیدی لەم کاتەدا ڕوبەرووى حاڵەتێک دەبنەوە کە پێچەوانەى  خواست و مەبەستی خۆتانە. لە بار و دۆخێکدا کە ئێوە دەتانەوێت کەسانى دەوروبەرتان بەخشندەیی بنوێنن و دەستێک بدەنە چمکى بەردەکە، کەچی لەبەر ئەوەى کە ئێوە دینتان وا قورسکردووە کە جێبەجێ نەکرێت  ڕووداوەکان بە پێچەوانەی خواستی ئێوەوە ڕوودەدەن و بەم هۆیەوە ئێوە تووشى خەسارەتمەندى و دۆڕان دەبنەوە. لەکاتێکدا پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە و سلم) دەفەرمووێت:

إِنَّ الدِّینَ یُسْرٌ وَلَنْ یُشَادَّ الدِّینَ أَحَدٌ إِلَّا غَلَبَە

واتە: "بێ گومان ئەم دینە ئاسانکارییە، کێ بیەوێت ئەم دینە قورس بکات ئەوا دین بەسەریدا سەر دەکەوێت.". جا ئیتر لەم سۆنگەیەوە، دەبێت ئەو کەسانەى کە لە پێگەیەکی پێشەنگ دان، زۆر باش دوێنراوەکانی دەوروبەریان بناسن، بەوەی کە کێ چى تا چ ڕادەیەک دەتوانێت هەڵبگرێت، دەبێت زۆر باش ئەمە لێک بدەنەوە و بەچاوی  بەسیرەت و فیراسەتەوە جموجوڵ بکەن.

نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت کە هەڵسوکەوتێکى ئاوا ژیرانەی لەم جۆرە لەهەمان کاتدا ڕەوشتێکی ئیلاهیشە. چونکە خواى مەزن بە فەرمایشتى (لَا یُكَلِّفُ اللهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَھَا) (البقرە ٢٥٨)، ئاماژە بەوە دەفەرموێت کە هیچ کەسێک بارێک نادرێت بە سەریدا کە لە تواناى خۆى بەدەر بێت. کەوایە لە برى  ئەوەى کارێک بەسەر مرۆڤەکاندا بدرێت کە لە سەروو تواناى خۆیانەوە بێت و لە ژێریدا بپلیشێنەوە، وا باشترە کە بە بەرزڕاگرتنی ئەو کارانەى کە کردوویانە دڵیان خۆش بکرێت و بەرەو ئەو ڕێگایانە ئاڕاستە بکرێن کە تاسەمەندییان زیاد دەکات.

بەردەوام بوون لە بەخشین

لە ڕاستیدا ئەگەر زۆر لە مرۆڤەکان بکرێت بۆ ئەوەی ببەخشن و، ئەوەی لە دەستیاندایە لێیان بسەنرێت، ئەوا وا دەکات کە لە دواى ئەمە پێیەکانیان بسوێت و لەڕۆیشتن بکەون. خۆ ئەگەر بێتو بهێڵرێت چەرخەکانیان لە سوڕانەوە بەردەوام بێت و کارەکانیان زیاتر گەورە ببێت، ئەوا لەپێناوی خوادا زیاتریش دەبەخشن. لەم ڕووەشەوە، خۆ گەر هاتوو  قارەمانانى إنفاق کە تێر نابن لە بەخشین بە عەشق و ورەیەکەوە بەرەو ڕووتان هاتن و، چیان هەبوو لە بەردەستیاندا دانان، ئەوا پێویستە ئێوە بەشێوەیەکى هاوسەنگ  هەڵس و کەوت بکەن و بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ بیر بکەنەوە و، پێویستە مەسەلەکە پەیوەست بکەن بە بەردەوام بوونەوە.

وەک کۆتا شتێک دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، کە زۆربەى جار ئەو کەسانەى کەلە پێشەنگ و ڕابەرن چاوەڕوانى زیاتر و داواى زیاتر لە کەسەکانى بەرامبەریان دەکەن بۆ ئەوەى خزمەتەکان لە ڕۆشتنیان بەردەوام و پاراوتربن، جا بە پاراستنى سنوور و داوەری کارەکانیان دەبێت هەردەم فۆڕمات و شێوە و ڕووکار بگۆڕن و لە هەموو کاتدا ئەو شتانەى کە باوەڕیان پێى هەیە بتوانن ڕەنگێکى  نوێ و نەخشێکى نوێیان بۆ پەیدا بکەن و بە گوزارشتێکی نوێ دەریببڕن، بەم شێوەیەش وا دەکەن کە کەسانى بەرامبەر هەردەم عەشق و هەیەجانێکى زیاتریان هەبێت. بۆیە پێویستە هەردەم ئەم وتەیەمان لە بیر بێت کە دەڵێت

كُلُّ جَدِیدٍ لَذِیذٌ

"شتی نوێ هەردەم خۆشترە"

لەم ڕووەوە ئەو پەیامانەی ئێوە کە بە گوزارشتی جیاواز دەریدەبڕن، تام و خۆشییەکی جیاواز دروست دەکەن، بۆیە لە لایەن بەرامبەرەوە بە سانایی وەردەگیرێن. بەپێچەوانەوە گەر بێتو لەسەر یەک ڕیتم بەردەوام بین، ئەوا هەستێکی دووبارە و عادەتی لە کەسی بەرامبەردا دروستەدەکات و، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاریان. بۆیە قورسە بۆ ئێوەش کە ئەو پەیامانە بدۆزنەوە کە لە دڵەکاندا دەنگ دانەوە دروست دەکەن.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.