فەتحوڵا گولەن و بانگەشەی 'مەهدی و عیسا' بوون

فەتحوڵا گولەن و بانگەشەی 'مەهدی و عیسا' بوون

گەر بمانەوێت حوکم لەسەر کەسێکی بیرمەند و زانا و چالاکوان بدەین، ئەوا دەبێت لە نوسین و قسە و کار و کردەوە و ریچکەی ژیانی بروانین و بە پیی ئەوە بڕیاری لەسەر بدەین.

 گەر وا نەکرێت و؛ بە گویرەی قسەی بیسترا و لایەنگیرانە کە لەسەر بانگەشە و تۆمەت هەڵبەستن بونیاتنرابێت، ئەوا لەلای ئەهلی حەق هیچ بەها و نرخێکی نیەو بگرە بە درۆ و بوختان و سەرلێشێواوی ئەژمار دەکرێت.

 لەم گۆشەنیگایەوە کاتێک تەماشای بەرهەمە نوسراو و وتارەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەکەین، دەبینین زۆر جەخت لەسەر موسوڵمانی پابەند بە ئیمان و مەعریفە دەکات و بەندایەتی بۆ خودا بە بنەڕەتی ئیمان لە قەڵەم دەدات. گولەن نەک هەر خۆی بە مەهدی یان عیسا نازانێت؛ بەڵکو خۆی بە خاوەنی پیگەیەکی مەعنەوی وەک 'شێخ'یش نازانێت و هەمیشە تەوازوع و خەجاڵەتی خۆی دەردەبرێت و بە سفر وێنای خۆی دەکات.

لێرەدا بە کورتی  باسی بیر و ڕای مامۆستا فەتحوڵا گولەنمان کرد و ئێستا کاتی ئەوەیە تەواوی ڕەهەندەکانی بانگەشەی 'مەهدی بون و عیسا بون' هەڵبسەنگێنین.

 مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە وتار و بەرهەمە نوسراوەکانیدا زۆر بە ڕاشکاوانە بانگەشەی 'مەهدی بوون' بە گومڕای و بانگەشەی 'عیسا بوون' بە کوفر ئەژمار دەکات.

 جگە لەوە ئاماژەی بەوە کردوە کە "گەر کەسێک خۆشی بە مەهدی نەزانێت؛ بەڵام چواردەورەکەی لە ڕوی گومانی باشی خۆیانەوە کەسەکە بە مەهدی بزانن و ئەویش لە بەرامبەردا چاوپۆشی لەو گومانەی ئەوان بکات و خۆی لێبێدەنگ بکات، ئەوا ئەو مرۆڤە بەرامبەر گومڕابون و کوفری ئەو کەسانە بێدەنگی هەڵبژاردوە و شوێنی خۆیەتی بە گوێرەی فەرمودەکانی پێغەمبەرمان بە 'شەیتانی لاڵ' ناوی بردرێت. خۆ گەر ئەو کەسە گومانی ئەو کەسانە بقۆزێتەوە و وەک مەهدیەک بە ناو خەڵکدا بێت و بچێت ئەوا ئەویش وەک چواردەورەکەی داماوێکی گومرایە. کەسی موسوڵمان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بانگەشەی وا لەسەر خۆی قبوڵ بکات."

 مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی زەمان لە بەرواری ٢١ ی ئازاری ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە ئەمەی بە شیوەیەکی ئاشکرا دووپات کردۆتەوە و وتویەتی" لەم مەسەلەیەدا وەک حەزرەتی مەولانا دەفەرمویت: نە مەهدی و نە عیسا من تەنیا بەندەیەکی سانای خودام. من تا لە ژیاندا مابم بەندەی قورئان و تۆزی بەر پێی حەزرەتی موحەمەدم(درود و سەلامی خودای لەسەر بیت) خۆ گەر کەسێک بیجگە من قسەیەکی وا بکات لەم بارەیەوە، ئەوا لەو کەسە و لە قسەکانیشی نیگەران و بێزارم."

 فەتحوڵا گولەن سەبارەت بەو حەدیسانەی باسی هاتنی مەهدی ومەسیح دەکەن کە لە کتێبەکانی(ئەبوداود-مەهدی ٦،ئیبن ماجە- فیتنە ٣٤،ئیبنی حیبان ١٥/٢١٦) هاتوە؛ پێی وایە باوەڕبون بەم مەسەلانە لە بنەماکانی ئیمان نین و لەم بارەیەوە دەڵێت" گەر لە ٦ بنەماکەی ئیمان بروانین ئەوا دەبینین کە هاتنی مەهدی و دابەزینی عیسا یەکێک لە ئەرکانەکانی ئیمان نین. خۆ گەر باوەڕ بەم دوو مەسەلەیە لە ئەرکانەکانی ئیمان ببوایە وباوەڕ پێهێنان بەم دوو مەسەلەیە بەشێک لە ئیمانیان پێکبهێنایە ئەوا لە چوارچیوەی ئەرکانەکانی ئیمان ئەژمار دەکرا. هەر بۆیە هەریەک لە ماتوریدی و ئەشعەری و زاناکانی تری ئەهلی سوننە ئەم دوو مەسەلەیەیان بە ئەرکانی ئیمان ئەژمار نەکردوە."(بورجی هیواکان، لاپەڕە ٣٥)

جگە لەوە فەتحوڵا گولەن لە تەواوی وتارەکانی ماڵپەڕی  هەرکولنامە ئەم مەسەلانەی زۆر باس کردوە و هەرکەس لە هەر شوێنیکی دونیا بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم لینکانەوە وتارەکانی لەسەر ئەم بابەتە ببینێت:

www.ozgurherkul.org

www.herkul.org/herkul-agme/188-nagme-mehdi-enflasyonu/

 نێکی ئەکادیمی بۆ ئەم مەسەلەیە کردوە و دواتر لە شیوازی کتێبێکدا بە ناوی 'مەسیح لە کوییە ومەهدی کییە؟' لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکرایەوە. لەو کتێبەدا ئاماژە بەو حەدیسانە کراوە کە باس لە سیفاتەکانی مەهدی دەکەن و؛ دواتر ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو سیفاتانەی وەک سیفاتی مەهدی باسکراوە سیفاتگەلێک نین باس لە کەسێکی دیاریکراو بکەن و هەرکەسێک باس لەوە بکات کە خودی خۆی مەهدیە ئەوا توشی جۆرێک لە سەرلێتێکچون و ناڕەحەتی دەرونی بووە.

لەلایەکی ترەوە فەتحوڵا گولەن ژیانی خۆی بۆ  خزمەتی قورئان و سونەت و ڕێبازی هاوەڵانی پیغەمبەر تەرخان کردوە و بانگەشەی ئەوەی ئەم کارانە لە پێناو 'بوون بە مەهدی' دەکات، کارێکی ڕاست و دروست نیە.

 لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ کەسانێکی زانا و بیرمەند هەبوون کە ڕێبازی پایە بەرزانیان گرتوە. کەسانێکیش لە بەرامبەر ئەواندا هەبوون کە ئەم کارانەی ئەوانیان پێ هەزم نەکراوە. زۆریش لە دەسەڵاتداران زۆر جار هەوڵیان داوە زانایانی لە خۆبوردو لە پێناو ئاینی ئاسمانیدا بە پیدانی پۆست و پلەی دونیای بۆلای خۆیان ڕابکیشن و، کاتیکیش نەیانتوانیوە بەو ئامرازانە بۆ خۆیان ڕام بکەن ئیدی دەستیان داوەتە زوڵم و هەڵمەتی لەکەدارکردن و سفرکردنیان لە بەر چاوی کۆمەڵگادا.

 یەکێکیش لەو هەڵمەتانەی بە مەبەستی لەکەدارکردن و ناوزڕاندن و سفرکردنی ئابڕوی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دراوە؛ دروستکردنی ئەم جۆرە لە بانگەشەی 'مەهدی و مەسیح' بوونە بووە.

 ئەوەی لیرەدا جێی داخە؛ کەسانیک کە نوێنەرایەتی ئاین دەکەن لە کۆمەڵگادا و ئەرکی سەرشانیان تێگەیاندنی ڕۆح و ناوەڕۆکی ئاینە بە تاکەکانی کۆمەڵگا، بە نمونە سەرۆکی کاروباری ئاینی لە تورکیا، سەرەرای ئەم هەموو نوسراو و وتارە ئاشکرایانەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن لەم بارەیەوە، بیر ورای مامۆستایان پشتگوێ خستوە و هەوڵیان داوە بەم تۆمەتانە لەکەداری بکەن.

 بەڵام گەر لە قسەکانیان ورد بینەوە ئەوا دەبینین کە بانگەشەکانیان لە ڕاستی و دروستی و بنەمای زانسی زۆر دورە.

 سەرەنجام ئەوەی تا ئیستا لە نوسین و وتارەکانی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بەدیکراوە ئەوەیە؛ کە بەندایەتی موسوڵمان بۆ خودا بە بنەمای سەرەکی و بانگەشەی مەهدی و مەسیح بون بە گومڕای ئەژار کراوە.

 بابەتەکە بە نیسبەت کەسانیک کە خاوەنی ڕای پیش وەختە نین، بە گوێرەی ویژدان دەجولێنەوە، ڕەچاوی بنەما زانستیەکان دەکەن، هاوسەنگی ئەقڵیان لە دەستنەداوە و ئاینی خۆیان و بەها مەعنەویەکانیان نەفرۆشتوە بە دونیا، زۆر ڕون و ئاشکرایە.