لە شیگاکۆ ئۆسکاری "ئاشتی و گفتوگۆ" بەخشرایە هەڵبژێردراوان

لە شیگاکۆ ئۆسکاری

ڕێکخراوی نیاگارا کە چالاکییەکانی خۆی لە خۆرئاوای ئەمەریکا ئەنجام دەدات، لە ئاهەنگێکی ناوازەدا خەڵاتی ئاشتی و گفتوگۆی ٢٠١٣ی ئەمساڵی بەخشییە هەڵبژێردراوان.

ڕێکخراوەکە کە ناوەندی سەرەکی لە ویلایەتی شیکاگۆیە، لە هەشتەمین ئاهەنگی خەڵات دابەشکردنی ئەمساڵیدا، زۆر کەسایەتی گرنگ لە هەریەک لە بوارەکانی هونەر و ڕامیاری و پەروەردە و میدیادا بەشدارییان تێداکرد. ئاهەنگەکە لە یانەی زانکۆی شیکاگۆی ئەمەریکی سازدرا کە بە یەکێک لە شوێنە ناودارە مێژووییەکانی شیکاگۆ ئەژمار دەکرێت.

ئاهەنگەکە لە لایەن ڕۆب ستافۆردی بێژەری کەناڵی NBC 5 ەوە پێشکەشکرا، کە بە یەکێک لە کەناڵە گرنگەکانی ناوچەکە دادەنرێت. خەڵاتەکان لە سێ بواردا دابەشکران کە پێکهاتبوو لە بوارەکانی"لێبووردەیی و دڵسۆزی"،"خزمەت بە کۆمەڵگە"و "خەڵاتی فەخری فەتحوڵا گولەن"

شەریف سۆیدان، سەرۆکی ڕێکخراوەکە لە وتاری کردنەوەی ئاهەنگەکەدا ئەوەی خستە ڕوو کە ئامانجی ڕێکخراوەکەیان، پاڵپشتی کردنی ئاشتییە لە سەرانسەری دنیادا و برەودانە بە گفتوگۆ لە نێوان شوێنکەوتووانی ئایین و کۆمەڵگە جیاوازەکان.

نامەی فەتحوڵا گولەن، سەرۆکی فەخری ڕێکخراوەکە کە بە هۆی جێگیر نەبوونی باری تەندروستییەوە نەیتوانی بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکات، لە لایەن پڕۆفیسۆر پاوڵ پارکەر سەرۆکی بەشی زانستە ئاینییەکانی زانکۆی ئەلمهورست ەوە خوێندرایەوە. بەڕێز پڕۆفیسۆر پاوڵ پارکەر کە لەم ساڵانەی دواییدا خەڵاتی فەخری فەتحوڵا گولەنی پێبەخشراوە ئاماژەی بەوەدا کە وەک شەرەفێک دەڕوانێتە خوێندنەوەی نامەی بەڕێز گولەن کە زانا و کەسایەتییەکی نمونەییە لە چاکەخوازیدا.

فەتحوڵا گولەن لە نامەکەیدا وتی، "دنیای ڕۆشنی داهاتوو تەنها لەسەر دەستی ئەو کەسانەدا فەراهەم دێت کە دڵ و دەروونیان پڕبووبێت لە خۆشەویستی." هەروەها بەڕێزیان لە درێژەی نامەکەیاندا بەو شێوەیە بەردەوام بوون و وتیان: "ئەوانەی لە هەوڵی گۆڕینی دنیادان، دەبێت سەرەتا لە خۆیانەوە دەست پێبکەن. ئەوانەی بۆ گەیشتن بەرەو دنیایەکی باشتر کەوتونەتە ڕێ، دەبێت لە پێشدا دڵ و دەروونیان لە ڕق و قین و ئێرەیی و گشت خراپەیەک پاکژ بکەنەوە. چاکە و جوانی و ڕاستی لە کرۆکی زەویدا شاراوەن و هەرچییەک بێت ڕۆژێک دێتە پێش کە تێیدا ئەم کرۆکە دەربکەوێت. ئەو کەسانەی خۆیان بەخت کردووە تا ناخی کەسانی دی ڕۆشن بکەنەوە و دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بکەن، ئەوا بەو ڕۆحە ڕۆشنەیانەوە دەڵێی هەریەکەو فریشتەیەکی پارێزگارن بۆ دەوروبەریان. ڕێکخراوی نیاگاراش کە هەموو ساڵێک زۆر خاکییانە خەڵاتەکانی گفتوگۆ و ئاشتی دەبەخشێت، دەیەوێت ستایشی کاری جوانی ئەم ڕۆحە قارەمانانە بکات. ئامانجمان لە بەخشینی ئەم خەڵاتانە، سوپاسکردنی خوایە لەسەر ئەوەی ئەم کەسە چاکانەی بۆ ناردووین. هەروەها یەکێکی تر لە ئامانجەکانمان بریتیە لەوەی بتوانین لە بواری خزمەت کردنی مرۆڤایەتیدا، هانی کەسانی تریش بدەین تا چاو لەم کەسایەتییە نمونەییانە بکەن. لە ناخی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئارستەی سەرجەمی ئەو کەسانە دەکەم کە خەڵاتیان پێ بەخشراوە و ئەو کەسانەش کە لە سازدانی ئەم پرۆگرامەدا ماندووبوون."

ئانی م. بروکی ئەندامی دەستەی دادوەرانی دادگای دەستووری ویلایەتی ئیلینۆیسەی ئەمەریکی و لەهەمان کاتدا براوەی خەڵاتی لێبوردەیی و دڵسۆزی ئەمساڵی ڕێکخراوەکەیە. بروکی ئاماژەی بەوە کرد کە دنیا پێویستی بە ئاشتی و سەقامگیری هەیە و شت گەلێکی زۆریش هەن کە دەبێت مرۆڤەکان لە یەکدیەوە فێری ببن. دادوەر بروکی پەندێکی چینی بە نموونە هێنایەوە کە دەڵێت "ئەگەر دەتانەوێت بۆ ماوەی کاتژمێرێک دڵخۆش بن، بنوون. ئەگەر دەتانەوێت یەک ڕۆژ دڵخۆش بن، ئەوا ڕاوەماسی بکەن. بەڵآم ئەگەر دەتانەوێت بە درێژایی تەمەنتان دڵخۆش بن، ئەوا کۆمەکی کەسانێک بکەن."

بزاوتی خزمەت، ئیمان دەگۆڕێت بۆ کردار

پڕۆفیسۆری خانەنشینی بواری یاسا، م. چەریف باسیۆنی لە زانکۆی دیپاوڵ، کە خەڵاتی فەخری فەتحوڵا گولەنی پێبەخشرابوو، وتی: "بزاوتی خزمەت، ئیمان دەگۆڕێت بۆ کردار و مەعنەویاتیش بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی. ئەمە خۆی لەخۆیدا بانگهێشتە بۆ ئێمە. لەهەمان کاتیشدا ئەمە هەر هەمان ئەو پەیامە ئیبراهیمییەیە کە خاڵی هاوبەشی زۆرێکمانە لەوانەی لێرە ئامادەن." باسیۆنی باسی لەوەشکرد کە زۆر دڵخۆشە بەوەی شتی زۆر جوان و باشی سەبارەت بە بزاوتی خزمەت بیستووە. پرۆفیسۆر باسیۆنی ئەوەیشی بۆ قسەکانی زیاد کرد کە بەڕێز گولەن لە دنیای هاوچەرخی ئەمڕۆماندا موسوڵمان و مرۆڤ دۆستێکی گەورەیە و وەرگرتنی خەڵاتەکەشی بە شەرەفێکی گەورە وەسف کرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێویستی بە کەسانێکە بێن و لێرە کار بکەن

سەرۆکی (یانەی شار)ی شیگاکۆ و سەرۆکی هەردوو بەشی زانستە ڕامیارییەکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە زانکۆی ڕۆسڤێڵتی ئەمەریکی، پرۆفیسۆر پاوڵ گرین، خەڵاتی خزمەت بە کۆمەڵگەی ڕێکخراوەکەی وەرگرت. گرین ئاماژەی بەوەدا کە (یانەی شار)یش بەهەمان شێوەی ڕێکخراوی نیاگارا دەرگای کراوەیە بۆگفت و گۆ و قسە کردن لەسەر هەموو بابەتێک بەبێ پێشینە بڕیار. گرین وتی: "کەسی ئاستە جیاوازەکان چەندە گفت و گۆ لەگەڵ یەکدی ببەستن، ئەوەندە یەکتری دەناسن و لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا ڕوودەدات، کە لە سەرەنجامیشدا دەتوانن لەسەر خاڵی هاوبەش یەکبگرن. هەر هیچ نەبێت، ڕێز لەیەکتری دەگرن." ئەوەی جێی تێڕامان بوو گرین باسی لەوەکرد کە لە جیلی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕێژەی خانەنشینی لە سەدا سەد زیاد دەکات و هێزی کاریش تەنها بە ڕیژەی لە سەدا ١٧ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها وتی: "ئەمەریکا پێویستی بە کەسانێکە کە بێن لێرە کار بکەن و ببنە هاوڵاتی ئێرە."