ڕونکردنەوەی م.فەتحوڵا گولەن لە بارەی هەوڵی کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکانی تورکیاوە

م. فەتحوڵا گولەن سەبارەت بە دەنگۆی هەوڵی کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکانی تورکیا ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تورکیا، دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە بزاڤی خزمەت پیلانی بۆ کوشتنی هەندێک لە کەسایەتیە سیاسیەکانی تورکیا داناوە.

م. فەتحوڵا گولەن لە ڕونکردنەوەکەیدا بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و بە هەوڵی لەکەدارکردنی بزاڤی خزمەت ناوی دەبات.

ڕونکردنەوەکەی م. فەتحوڵا گولەن بەم شێوەیەیە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بە تایبەتی، زوو زوو لێرە و لەوێ گوێ بیستی دەنگۆی ئەوە دەبین کە بزاڤی خزمەت و هێزەکانی پەکەکە و ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پێکەوە پلانیان دانابێت بۆ کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکانی سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و دەسەڵات.

پێمان وایە ئەم بوختانانە کە لەلایەن دەستەو تاقمیکی ئاشکراو زانراو بڵاو دەکرێنەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانی چەپەڵی نوێ و هەڵکەندنی چاڵ بۆ هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئەنجام دەدرێن.

بەم دواییانە هەوڵێکی ئاشکرا دەبینین بۆ لەکەدارکردنی بزاڤی خزمەت بە کردە تیرۆرستیەکان و کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکان و ئەم دەنگۆیانە پەرەی پێدراوە. وەک لە کوشتنی باڵیۆزی ڕوسیادا بینیمان کە لەلایەن تیرۆرستێکی بەرەی نوسراوە ئەنجام درا؛ کەسانی سەر بە دەسەڵات هەوڵێکی زۆریان دا سەرنجی ڕای گشتی لەسەر خۆیان لابەرن و بزاڤی خزمەت بە تاوانەکە لەکەدار بکەن، هەروەها بە هەمان شێوە ئەم هەوڵانەمان لە وەحشەتی سەری ساڵی یانەکەی ئیستەنبوڵ و هێرشە تیرۆرستیەکەی شاری ئیزمیریش بەدی کرد.

دواتر هەوڵێکی زۆریان دا کە کەسانی تاوانبار لەم بابەتانەدا بە بزاڤی خزمەتەوە ببەستنەوە و دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە 'شانە نوستوەکان!' بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆرستی بە خەبەر هاتون و، پاشان ئەمەیان کردە پاساو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر کۆمەڵێک مرۆڤی بێ تاوان.

تەنانەت هەوڵێکی زۆر هەیە کە تاوانە بکەر نادیارەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٠- ٢٠١٣ بەسەر بزاڤی خزمەتدا بسەپێنن و تەنانەت درۆی 'هەوڵی کوشتنی سوممەیەی کچی ئیردۆغان' و ڕوداوی تەڵەی کودەتای 15ی تەموزیش  دروستکراوی دەستی هەمان دەستەو تاقم بوو. بۆیە بە دوری نازانین  چەند کردەیەکی تیرۆرستی هەمان دەستەو تاقم کە بیخەنە سەر شانۆ، بە هەمان شێوە هاوسۆزانی بزاڤەکەی پێ تاوانبار بکرێت لە داهاتوشدا. ماوەیەکە هەوڵێکی زۆر دەدەن کە بزاڤی خزمەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک گروپێکی تیرۆرستی بناسێنن و، نیگەرانی ئێمە لەوەی کە بە تەمای کۆمەڵێک سیناریۆی نوێ بن لە کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکان؛ لە شوێنی خۆیدایە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بینیمان ئۆتۆمۆبیلی زرێپۆش بە سەرۆکی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن دراو دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ریکخراوی داعش هەوڵی کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکان دەدات، دواتر لە پاڵ ئەمەشدا کەسانی سەر بە دەسەڵات دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە بزاڤی خزمەتیش هەوڵێکی هاوشیوەی هەیە بۆ کوشتنی کەسایەتیە سیاسیەکان.

 لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەڕلەمان لەسەر گۆڕینی دەستوری تورکیا و هێنانە سەر زاری ئەم دەنگۆیانە بە شێوەیەکی هەڕەشەئامیزانە لە کاتی ئێستادا واتای خۆی هەیە.

خۆ گەر ئەم دەنگۆیانە پشتیان بە هەواڵگری ڕاستەقینە بەستبێت و جددی بن، ئەوا ئەرکی سەرشانی کاربەدەستانە کە ڕێگری لە ڕودانی بکەن و ئەمەش چاوەروانی  ئێمەیە. بە پێچەوانە گەر ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەما و ڕەسەنیەتیەکیان نەبێت، ئەوا جگە هەڵبەستنی بوختان بە دەمی بزاڤی خزمەتەوە هیچی دی نیە.

لێرەدا دووبارە بۆ ڕای گشتی هەموو دونیای ڕادەگەیەنین؛ کە هەرچەندە بزاڤی خزمەت دوچاری زوڵم و ستەم و ئەشکەنجە و جیاکاری و فشاری کەم وێنە ببێتەوە لە ناوخۆی تورکیا، هاوسۆزانی بزاڤەکە هەرگیز لە ڕێچکەی دیموکراسی و سەروەری یاسا جیا نابنەوە، مافە ڕەواکانی خۆیان _لە چوارچیوەی توانایاندا_ بە شێوازێکی شەرعی داکۆکی لێدەکەن.

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت خۆیان لە هەموو کردەیەکی توندوتیژی  هەزار قۆناغ بە دور دەگرن و، بەرقەرارکردنی ئاشتەوای لە هەموو دونیاو بەرەنگاربونەوەی هەژاری و دوبەرەکی و نەزانین لە پێشینەی کارەکانیانە، '' کرداری ئەرێنی''ش دروشمی کۆی کارەکانیانە.

 

م. فەتحوڵا گولەن

 10.کانونی دووەمی 2016