ئۆباڵى ئەو کوشتن و بڕینانەی كە بە ناوى دینەوە ئەنجام دەدرێن (١)

فتح الله‌ گوله‌ن: ئۆباڵى ئەو کوشتن و بڕینانەی كە بە ناوى دینەوە ئەنجام دەدرێن

پرسیار: ئایا دەكرێت ڕووداوگەلێکی هاوشێوەى پەلامارە بۆمبڕێژییەکان و ئەو تاوانانەى كە بە ناوى دینەوە لەلایەن هەندێ گروپى دیاریكراوەوه ئەنجام دەدرێن، بدرێنە پاڵ‌ هەندێ ئاڕاستەی‌ دەرەكی و بەو شێوەیە خوێندنەوەیان بۆ بكرێت؟ هۆكارى بەرپابوونی زەمینەیەكى لەم جۆرە لە جوگرافیاى موسوڵماناندا بۆ چى دەگەڕێتەوە؟

وەڵام: کوشتنی کۆمەڵە كەسانێکی بێتاوان کە بێئاگان لە گشت شتێک، لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکی بە ناو موسوڵمانەوە لەڕێی ئوتومبێلى بۆمبڕێژكراوەوە و جگە لەوەش هێرش كردنە سەر پەرستگاكان، نە لەگەڵ قورئان و سونەتدا یەک دەگرنەوە و نە لەگەڵ ئیسلام و موسڵمانێتیشدا. بەڵام مەخابن، لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا ڕووبەڕووى تابلۆیەكى لەم جۆرە دەبینەوە کە دڵی لەت لەت کردووین و ئێمەی شەرمەزار کردووە. دەکرێت بوترێت کە ئەو ئاڕاستە کردنە پڕ لە فێڵانەی ڕێکخراوەییانەی کە دەستە دەرەکییەکان پێی هەڵدەستن و، ئەو کردە تیرۆرستییانەی کە لە هەڵە تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتووە، لە هێرشی خاچپەرستان و وێرانکاری و کاولکاری مەغۆلەکان خراپترە لەسەر ئیسلام و زەرەر و زیانی زیاتری لە ئیسلام داوە. چونكە ئەم جۆرە ستەم و تاوانانە وەك داکوتینی پەڵەیەکی ڕەش وایە بەسەر ناوچەوانی موسوڵمانانەوە.

هەڵە تێگەیشتن لە ئازایەتى و بوێری

بە بڕواى من هۆكارى ئەم جۆرە ڕووداوانە لە هەڵە تێگەیشتن و لێکدانەوەی چەوتەوە سەر هەڵدەدات و، لەسەروو هەمووشیانەوە هەڵە تێگەیشتنە لە ئازایەتى و بوێرى، كە ڕەگە هەرە قووڵەکانی دانایی پێك دەهێنن. بێگومان دەبێت لە دڵى کەسێکی باوەڕداردا ئازایەتى و بوێرى بوونی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەم دووانەدا دەبێت مرۆڤی ئیماندار خاوەن حیكمەت و بەصیرەتیش بێت. دەبێت لاى دوێنراوەكانى هەڵوێستێكى پڕ دڵنیایى و متمانە بەخش پیشان بدات و لەهەموو هەل و مەرجێكدا دەبێت پەیوەست بە بنەماكانى ئایینەوە لە بزاوتدا بێت و،‌ نابێت هەرگیز ئەوەى لە یاد بچێت كە گەیشتن بە ئامانجە گونجاوەکان تەنهاوتەنها لەڕێی گرتنەبەری ڕێوشوێنى گونجاوەوە دەبێت. بە واتایەكى تر ئازایەتى و بوێرى ڕاستەقینە بریتییە لە ڕێک و ڕەوان ڕاوەستانی موسوڵمان بەرامبەر بە داكۆكى کردن لە بەها بەرزەكانى و نواندنی هەڵوێستێكى دامەزراوانە لەو مەسەلانەى كە بە حەق و ڕاستیان دەزانێت. خۆ ئەگەر هاتوو لەم پێناوەدا تووشی دەستەوسانیشی بکەن، ئەوا دەبێت ئەو ئەو ئامادەگیەی تێدابێت کە ڕووبەڕووی هەموو ئەم ناڕەحەتیانە ببێتەوە.

خۆ كاتێك دەڕوانینە عەسری سەعادەت، دەبینین کە شانازى مرۆڤایەتى (صلى الله علیه وسلم) و هەموو ئەوانەش كە بۆ ماوەی سیازدە ساڵ لە مەککەی موکەڕەمە لەگەڵ ئەودا بوون ڕووبەڕووی چەندەها ناڕەحەتى بونەتەوە كە زۆر ئەستەمە مرۆڤ خۆى لە بەرامبەریاندا ڕابگرێت. بەشێوازێک هاوەڵە بەڕێزەکان زۆربەى کات چاوانیان پر لە گریان بوو، لەلایەكەوە لە قودرەتى ناكۆتاى خوای گەورەیان دەڕوانى و لەلایەكی تریشەوە لە پێغەمبەری خۆشەویست، ڕزگارکەری مرۆڤایەتی و هەموو ئەو ناڕەحەتیانەشیان دەڕوانى كە تووشى بڕواداران دەبوون. پاشانیش لەبەرئەوەی بە تەواوی نەیاندەتوانی پەی بە دانستی ئەم ڕووداوانە بدەن، بۆیە لە بەرامبەر ئەم تابلۆیەدا سەرسامى و ترسی خۆیان دەردەبڕی و دەیانوت:

(ما احلمک یا ربنا)

پەروەردگارا تۆ چەندە حەلیمیت!

خۆ وەك ئاشكرایە لاتان، ئەو كاتەى كە شانازى مرۆڤایەتى لە بەرامبەر كەعبەدا سەرى خستبووە سەر زەوی و چووبووە سوجدەوە، ئەوانەى وابەستەی جەهل و نەزانی و ئینكارى بووبوون هاتن ڕیخۆڵەی وشتریان كرد بەسەرى موبارەكیدا.(بوخارى،موسلم،جیهاد) ئەم ستەمكارە خاک بەسەرانە، چەندەها جار هەستان بە بەردباران کردنی ئەو سەروەرە(بوخارى،موسلم) بەڵام ئەو(صلى الله علیه وسلم) هیچ كات بەزاریدا نەهات بڵێت: "دەک ئێوەش بەرد باران کرێن!" بەپێچەوانەوە، تەنانەت لە بەرامبەر كردەوەى ئەو كەسەناش كە بەرد بارانیان دەکرد و، دانیان دەشكاند و، ڕوومەتی پیرۆزیان بریندار دەكرد و، سەریان خەڵتانی خوێن دەكرد، ئەو دەستەكانى بەرز دەكردەوە بۆ ئاسمان و دەیفەرموو:

اللهم اهد قومي فانهم لایعلمون

"پەروەردگارا هیدایەتى قەومەكەم بدە. لەبەر ئەوەى ئەوان نازانن!"

ئەگەر پەراوێزێک بۆ ئەم فەرموودەیە دابنرێت دەكرێت بوترێت: "خۆ ئەگەر ئەوان بیانزانیایە کە من لە پێناو ئەم ڕێبازە و لەتاو ئەوان چۆن دەمرم و زیندوو دەبمەوە، ئەوا ئاوهایان نەدەكرد". جا قورئانى پیرۆز، بەمجۆرە ناڕەحەتى پێغەمبەرى خودامان بۆ ڕوون دەكاتەوە لە بەرامبەر ئەو ڕێگە هەڵەیەى كە بێباوەڕان گرتبویانە بەر :

(فلعلك باخع نفسك على اثارهم ان لم یٶمنوا بهذا الحدیث أسفا)

"جا تۆ لەوانەیە لەداخی ئەو بیر و باوەڕە چەوتانەی ئەوان، ئەوەندە خەفەت بخۆیت خۆت لەناو بەریت و خۆت بفەوتێنیت"

بەڵێ، ئەو شانازى مرۆڤایەتیەی كە دەروونەکانی فەتح کرد و، دڵەكانى نەرم كرد و، مرۆڤەکانی ئاڕاستە کرد بەرەو مرۆڤایەتی ڕاستەقینەی خۆیان و ئینسانی بە ناخی خۆی شاد كردەوە (صلى الله علیه وسلم) هەرگیزا و هەرگیز بە توڕەییەوە بەرپەرچی ئەو كەسانەى نەداوەتەوە كە دوژمنایەتیان کردووە و، نەکەوتووەتە ناو هیچ كام لەم سوکییانەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمانەوە. تەنانەت بەرامبەر ئەبوجەهلیش كە بۆ ماوەى پازدە ساڵ دوژمنایەتى لەگەڵ كرد هەرگیز نەیفەرموو"خوا لە ناوت بەرێت" هەر لەبەر ئەوەش كە ئەم نزایەى نەكردبوو، ڕۆژێک داهات كچەكەى ئەبوجەهل جویریە لەگەڵ عیكرمەى كوڕى موسڵمان بوون. لەپاش موسوڵمان بونیشیان ژیانێكى زۆر سەرسام كەریان بەسەر برد. حەزرەتى عیكریمە كە لەیەرموكدا لە بەرامبەر ڕۆمەكاندا دەجەنگێت، زۆر بەسەختى بریندار دەبێ و دەیهێننە ژێر چادرێك، بەڵام لەپڕ ڕاست دەبێتەوە و دەڵێ "ئەى پێغەمبەرى خودا ئەوە تۆ تەشریفت هێناوە، ئەوە لە كاتێكدا ئەو كاتەى كە ئەم ڕووداوە ڕووى دا هێشتا دوو ساڵ بوو كە پێغەمبەرى خوداى ناسیبوو. جا لە ڕاستیدا، ڕوونکردنەوەی بەرزبونەوەیەكى ئاسۆیى لەم جۆرەی كوڕەكەى أبو جەهل حەزرەتى عیكریمە (رضى الله عنه) لە ماوەیەكى هێندە كورتدا بەلاى منەوە زۆر زەحمەتە. بەڵێ، ڕوونكردنەوەى ئەوە زەحمەتە. لە ماوەیەكى هێندە كورتدا چۆن توانى بگاتە ئاسۆیەكى مەعریفەتى لەم جۆرە، چۆن توانى تا ئەم ڕادەیە لە قوڵایەكانى ناخیدا ڕۆبچێت؟ جا ئەگەر شانازی مرۆڤایەتی بەرامبەر دوژمنەکانیشی بەم شێوەیە بە دانست و پشودرێژییەوە مامەڵەی نەکردایە، شتی وا ڕووی دەدا؟

خۆ لە بنەڕەتدا پێغەمبەرى خودا (صلى الله علیه وسلم) لەو ماوە پر لە تەنگ و چەڵەمەیەى مەككەدا، ئەگەر تەنها بە پەنجەیەكى ئاماژەی بۆ هاوەڵان بكردایە، ئەوا موسوڵمانە پاڵەوانە یەكەمینە بوێرەكانى مەككە بەبێ وەستان هەتا كۆتا دڵۆپەى خوێنیان دەجەنگان. بەڵام سەرەڕاى ئەوەى كە زۆر ئازاردران و ئەشكەنجەى زۆر قورسیشیان پێ بینرا، کەچی ئەوان هەمیشە ئارامگرتنیان هەڵبژارد و، هەرگیز هەڵس و كەوتێكى لەناکاوی وەهایان نەنواند کە متمانەیان زامدار بکات. خۆ ئیتر هەرگیز توخنی کۆمەڵە کارێکی دڕندانەی وا نەکەوتنەوە. چونكە ڕێبازى پێغەمبەرى خاوەن شەفەقەت، هەردەم بریتى بووە لە ڕێبازى فەتح كردنى دڵەكان و قایل كردنى ژیرییەکان بۆ ئەوەى بە بەختەوەرى هەمیشەییان بگەن. جا ئیتر ئەمەش پەیوەستە بە نواندنی مامەڵەیەکی پڕ لە دانست و بەزەیی و میانڕەوی. بەڵێ دووپاتی دەکەینەوە جموجوڵێكى دڕندانەى لەو جۆرە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ پێوەرەكانى قورئان و سونەت و شێواز و ستراتیژی و بیركردنەوەکانى شانازى مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە.

ئەگەر نەفرەت بچێنن ناتوانن خۆشەویستى بچننەوە

دەتوانین لە عەسری سەعادەتەوە چەندی نموونەى تر لەسەر ئەم بابەتە هەڵگۆزین. بۆ نموونە لە كاتى فەتح کردنی قودسدا سەروەرمان حەزرەتى عومەر، بە نیازى وەرگرتنى كلیلەكانى قودس لەگەڵ خزمەتكارەكەیدا پێكەوە لە مەدینەوە بە ڕێ دەكەون. لە ڕێگا جلەكانى بەرى دەدڕێت و ئەویش بە دەرزى و دەزووەكەى كە هەڵى گرتبوو لەگەڵ خۆیدا جلەکانی دەدورێتەوە. هەروەها لەبەر ئەوەی لەو بڕوایەدا بوو کە مافی ئەوەی نییە دوو وڵاخ لە گەنجینەی دەوڵەت وەربگرێت و بەکاریان بهێنێت بۆ سەفەرەکەی بۆیە تەنها یەک وڵاخ دەبات و لەگەڵ خزمەتکارەکەیدا بە نۆرە سوار دەبن. لەو کاتەشدا كە لە قودس نزیك دەبنەوە، نۆرەی سواریی وڵاخەکە دێتە سەر خزمەتكارەكەى. هەرچەندە خزمەتكارەكەى زۆر تکا لە حەزرەتى عومەر دەکات بۆئەوەی ئەو سوار بێت، بەڵام ئەو ئەم داوایە قبوڵ ناكات و خزمەتكارەكەى سوار وشترەكە دەكات، جا لە دەروازەى شاردا کەسانی باڵای ڕۆحانی یەهودى و مەسیحییەکان ڕادەوەستن بۆ پێشوازى كردن لە حەزرەتى عومەر، كە ئەمە دەبینن دێنە گۆ و دەڵێن: "ئێمە لە كتێبەكانى خۆماندا ئەوەمان خوێندووەتەوە كە ئەو كەسەى فەتحى ئێرە دەكات خاوەنى کۆمەڵە پەسنێکی لەم جۆرەیە." بۆیە پێشوازیەکی گەورەی لێدەکەن و ڕێزى دەگرن و تەنانەت پاتریکی قودس سۆفرۆنیوس خۆی كلیلەكانى شاری ڕادەست دەکات. جا كە وەختى نوێژیش دێت حەزرەتى عومەر ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە نوێژەكەى بە ئەنجام بگەیەنێت. ئەوانیش دەڵێن ئەى پێشەوای بڕواداران "دەتوانن لە گۆشەیەكى پەرستگاكەماندا نوێژەكەتان بکەن" بەڵام حەزرەتى عومەر پێیان دەڵێت کە " ئەگەر ئەمیرى ئیمانداران لە شوێنێكدا نوێژ بكات، ئەوانەى كە لە پاشاندا دێن ئەو شوێنە بە شوێنێکی پیرۆز لە قەڵەم دەدەن و دەیکەنە مزگەوت. خۆ ئەمەش دەبێتە دەستدرێژى كردنێک بۆ سەر مافەكانى ئێوە." ئەمە دەڵێت و پاشان دەچێتە دەرەوە و لەسەر تاشە بەردێك نوێژەكەى دەكات.

ئێستاش بۆ گاهێک بڕواننە ئەو ناسكى و هەستیاری و مامەڵە پڕ ڕێز و وردبینییەی سەردارمان حەزرەتى عومەر لە بەرامبەر پەرستگاى ئاینەكانى دیكەدا و، پاشانیش لەو هێرش و پەلامارە ناشرینانەى ئەمڕۆش وردبنەوە كە بە ناوى ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێن. نمونەیەكى دى كە بابەتەكەمان زیاتر دەوڵەمەند دەکات: لە سەردەمى حەزرەتى عەلیدا(رضی اللە عنە) بەهەمان شێوەى ڕۆژگارى ئەمڕۆمان فیتنەكان تابڵێی لە پەرەسەندندابوون و كەف و كوڵیان زیادی دەکرد. خەواریجەكان كە ڕووبەڕووى حەزرەتى على ڕاوەستابوون لە هاروەردا کۆبوونەوە و، یەكێكیان دێتە لاى حەزرەتى على و دەڵێت: "ئەى ئیمام! خەواریجەكان لە فڵان شوێندا بە سوپاكانیانەوە مۆڵیان داوە و، بەنیازی هێرش کردنن بۆ سەر تۆ. باشترین شت ئەوەیە كە پێش ئەوەى ئەوان هێرشت بكەنە سەر تۆ هێرش بكەیتە سەریان و لە ناویان بەریت. بەڵام ئەو شاهى مەردانەى كە دەروازەى خەیبەرى شكاند و ئەو حەیدەرى كەڕاڕەى تەنها بە وەشاندنێکی شمشێرەکەی چەندەها مێشکی دەپژاند و، ئەو ئیمامە گەورەیەى كە سەرکردەی ویلایەتى ڕێبازەكەى شانازیى مرۆڤایەتییە، وەڵامێک دەداتەوە کە شایەنی قەدر و گەورەییەکەی خۆی بێت و دەڵێت: "جا كێ دەڵێ ئەوان هێرش دەكەنە سەر ئێمە؟" ئایا دەتوانن لە ناسكى ئەم هەڵوێستە بگەن؟ بە بڕواى من شاهى مەردانێتى لە شكاندنى دەروازەى خەیبەر و، دووکەرت كردنى عەمر ابن عبدالود بە شمشێرێکدا نییە، بەڵکو لەوەدایە ئەو كاتەى خودبینی و خۆپەرستی و وتنی "من، من" بە وێنەى دەهۆڵی پارشێو، سەربەرز دەکاتەوە و هێرش دەهێنێت ئەو بتوانێت بەو جۆرە بەسەر خۆیدا زاڵ بێت و مافى ئیرادەى خۆی بدات. بەڵێ بە بۆچوونی من، پاڵەوانێتى سەرەکی و ئازایەتى و بوێرى ڕاستەقینە لەسەردەمێكى ئاوا مەترسیداردا بریتییە لە وتنى "جا کێ دەڵێت هێرش دەكەنە سەرمان" بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕووداوە ئیمام أبو حەنیفە بۆچوونێكى لەم جۆرەمان بۆ دەخاتە ڕوو كە جائیز نییە هێرش بکرێتە سەر کۆمەڵە کەسانێک کە لە شوێنێکدا کۆبوونەتەوە و بەتەواوی نازانرێت بۆ کوێ دەچن تا ئەو کاتەی ئاشکرا دەبێت بەرەو کوێ دەچن.

خۆ لە ڕاستیدا گرنگ هەر ئەوەیە كە بە شێوەیەكى ستراتیژیانە مامەڵە بكرێت و بە كەمترین زیان هەوڵى چارەسەرى كێشەكان بدرێت. جا كاتێك لە فەتحى مەككە دەڕوانین، دەبینین كە پێغەمبەرى خوا ( صلى الله علیه وسلم) لە پێناو ئەوەى كە خوێن نەڕژێت و دوژمنایەتیەكان چەند قات نەبن و كێشەكانیش بە هێمنى و نەرمونیانی چارەسەر بكرێن، هەموو ڕێوشوێنێكى پێویست دەگرێتە بەر. بەڵێ شانازى مرۆڤایەتى (صلى الله علیه وسلم) جگە لە یەك دوو ڕووداوى بچوك، هەموو کات بەبێ خوێن ڕشتن و خەسارەدان چوونەتە ناو ئەو مەککەیەی کە هەموو خەڵکەکەی موشریک بوون. خۆ ئەو كاتەشى كە دەچنە ناو مەككەوە لە موشریکەکان دەپرسرێت کە "ئێوە دەتانەوێت من بە چ شێوەیەک مامەڵەتان لەگەڵ بكەم؟" ئەوانیش کە هەر لە منداڵییەوە پێغەمبەرى خوایان زۆر باش دەناسی لە وەڵامدا وتیان: "تۆ بەخشندەی كوڕى بەخشندەیت" لەسەر ئەمە سەروەرمان (صلى الله علیه وسلم) پێی فەرموون "كەواتە بڕۆن ئێوە ئازاد و سەربەستن و، هیچ سەرزەنشتێکتان لەسەر نییە" ئەم وتانەى كە لە زاری موبارەكى ئەوەوە ( صلى الله علیه وسلم)ەوە دەردەچوون، وەك هەناسەكانى جوبڕەئیل لە ڕۆحەكاندا كاردانەوەیەكى واى دایەوە، كە خەڵكى موشریكى مەككە لەوە گەیشتن كە ئەوان چەندە لەسەر ڕێیەكى چەوت بوون و بەو هۆیەشەوە بوو کە پاش چەند ڕۆژێك دێنە لاى سەروەرمان (صلى الله علیه وسلم) و لە دەورى خەرمانە دەدەن. بەڵێ تەنانەت ئەو دوژمنە سەرسەختانەی کە چەندەها ساڵ بوو دوژمنایەتی پێغەمبەرى خوایان ( صلى الله علیه وسلم) دەكرد، دڵیان نەرم بوو و موسڵمان بوون. جا هەر نەرم و نیانى و باش مامەڵە كردن بوو ئەوانى بەرەو کەشی چاكەخوازی ئیسلام ڕاكێشا. چى بچێنن ئەوە دەدورنەوە. ئەگەر مرۆڤ بیەوێت هەمیشە شتى باش بدورێتەوە ئەوا دەبێت هەمیشە تۆوى جوانى و چاكەکاری لە چوار دەوریدا بچێنێت.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.