چاپکردن

ڕاستەهێڵی ئیستیقامەت لە چەق و چێوەدا

نوسراوە لە لایەن فتح الله‌ گوله‌ن بةروار: . بةشةكان گۆزەی شکاو

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر:  / 5
لاوازەنایابە 

ڕاستەهێڵی ئیستیقامەت لە چەق و چێوەدا

پرسیار : درزێکی بچووک لە چەقی بازنەیەکدا ڕەنگە ببێتە هۆکاری دروستبوونی لادانێکی زۆر گەورەتر لە چێوەی بازنەکەدا. بەم پێیە ئەو بنەما گرنگ و سەرەکیانە کامانەن کە ئەو کەسانەی لە هێڵی چەقدا خاوەنی پێگەیەکن ، دەبێت ڕەچاوی بکەن؟

وەڵام: ڕەفتار و هەڵس و کەوتی ئەو کەسانەی کە وەک نوێنەرێکی خاوەن پێگە بەرزی بیرۆکە و فکرێک دەبینرێن، زۆر گرنگە. چونکە دەبنە نموونە بۆ کەسانی پاش خۆیان. خۆ ئەگەر پێشەنگەکان بە ڕاستی و دروستی ڕێ بکەن، ئەوا ئەو کەسانەی کە ئەمانیان وەک نمونەیەک پەسەند کردووە چاو لەمان دەکەن و بە هەمان ڕاستەڕێدا دەڕۆن. بەڵام -خوا پەنامان بدات- گەر هاتوو پێشەنگەکان کەوتنە ناو کۆمەڵێک هەڵە و چەوتییەوە، ئەوا ئەو هەڵە و چەوتییانە چەند قات گەورە دەبن و بە وێنەی ڤایرۆس بە خێرایی بڵاو دەبنەوە بە ناو کەسانی شوێن کەوتەیاندا.

مافی گشتی

بە داخەوە هەر لە ڕابردووەوە تاوەکو ئێستاش کۆمەڵێک لە ئەو کەسانەی کە بوونەتە پێشەنگ لە هەر بزاوتنێکی جیاوازدا، لەبەر ئەوەی مافی تەواوەتی ئەو پێگەیەیان نەداوە کە تیایدان، بوونەتە قووربانی چەندەها وتە و هەڵەی زمان و لادانی فکری و دوورکەوتنەوە لە مەبەست. جا بڵاوبوونەوە و تێێپەڕبوونی ئەم دۆخە بۆ کەسانی خوارتر بووەتە هۆی دروستکردنی چەندین وێرانکاری و شێواوی زیاتر. هەندێ جار قسەیەکی نەگونجاو، هەڵسو کەوتێکی نەشیاو دەنگ بەرز کردنەوەیەکی بێ مەبەست و، تەنانەت جووڵەیەکی دەست و، دەموچاو گرژکردنێک بوونەتە هۆی دروستبوونی چەندین قین و نەفرەتی وا لە دڵی کەسانی بەرامبەردا، کە چارەسەرکردن و قەرەبوو کردنەوەیان نەتوانراوە بە جێ بگەیەنرێت، خۆ ئەگەر ڕەفتاری هەڵەی ئەم مرۆڤە بەرپرسانە هەر وەک خۆی و بە بێ زیادە خستنە سەریشی لاسایی بکرێتەوە لە لایەن شوێنکەوتووانیەوە، ئەوا دەبێتە هۆی ڕێ خۆشکردن بۆ چەندین وێرانکاری و شێواوی گەورە. بەڵام لەڕاستیدا هەڵەی ئەم جۆرە مرۆڤانە هیچ کات وەک خۆی و لە چوار چێوەی خۆیدا نامێنێتەوە لە لایەن کەسانی شوێن کەوتەیان، بەڵکو هەرکەسەو بە پێی سروشت و تێگەیشتن و ئاسۆی بیرکردنەوەی خۆی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکات و هێندە زیادەی دەخەنەسەر سەر هەتا دەیگەیەننە لوتکەی لادان. لەبەر ئەوەیە، ئەوکەسانەی کە دەبنە فەرمانبەر و پێشەنگ لە هەر ئاستێکی جیاوازدا، زۆر گرنگە و پێویستە کە هەمیشە هەستیار بن و زۆر بە وردی مامەڵە و ڕەفتار بکەن.

هەر کات لێپرسینەوە لە خۆم دەکەم لەسەر ڕابردووم و سەر گوزەشتەی ژیانم دێنمەوە بەر چاوم، بەرەوڕووی ئەوەندە کەم و کوڕیدەبمەوە، کە پێویست دەکات چاکیان بکەم، زۆر بە پێویستی دەزانم کە بۆ هەریەکەیان بڵێم (خۆزگە ئەمە بەم شێوەیە نا، بەڵکو بەم شێوەیە بووایە)، خۆ دەشزانم خۆزگە خواستن درەختێکی بێبەرە و هیچ ئەنجام و چارەسەرێک نابەخشێ دەربارەی ئەو شتانەی کە لە دەست چوون و ڕۆیشتوون.

لە ڕاستیدا مرۆڤ بۆ ئەوەی تووشی ئەم جۆرە حاڵەتانە نەبێت، دەبێت هەر لە سەرەتاوە بە باشی ئاگاداری مامەڵە و ڕەفتارەکانی بێت و بە شێوەیەک هەڵس و کەوت بکات کە لە دواییدا پێوستی بە چاککردنەوە نەبێت. لەبەر ئەوەش کە مرۆڤ ناتوانێت بیر لە گشت لایەنەکانی هەموو مەسەلەیەک بکاتەوە، کەوایە بە دڵنیاییەوە ئەو کەسەی کە لە پێگەی فەرمانبەریدایە، دەبێت کارەکانی هەمیشە لە سەر بنەمای ڕاوێژ بە ئەنجام بگەیەنێت. بەڵێ ئەم جۆرە کەسانە لە کاتی بڕیاردان لەسەر هەر مەسەلەیەک پێویست دەکات لیژنەیەکی بڕیار لە کەسانی پسپۆڕ پێک بهێنن و، هیچ بڕیارێک دەرنەکەن هەتا لە لایەن ئەو لیژنەیەوە شەن و کەو نەکرێت. خۆ هەرچەندە چەندین سەرچاوەی ڕۆشنبیری و کلتوریشمان لەبەردەستدا بێت، ئەوا دیسانەوە پێویست دەکات کە پەنا ببەینە بەر ڕاوێژ و ڕاوێژکاری و بە پێی دید و بۆچونی کەسانی دیکە جارێکی تر خوێندنەوە بۆ بابەتەکان بکەین، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بەپێی مەرجەکانی ئەم سەردەمە لێکدانەوە بۆ مەسەلەکان بکرێت.

بێ لەوەش پێویستە بزانین کە، ئەو بیرۆکەیەی هەڵگری گەیاندنی پەیامی ڕاستی و حەقیقەت بێت بە خەڵکی، ئەوا مافی گشتی دەستەبەر دەکات. لەبەر ئەوە هەر جۆرە کەمتەرخەمی نواندنێک لەم بوارەدا، دەستدرێژیکردنێکە بۆ سەر مافی گشتی. لە ڕووی فیقهی ئیسلامیەوە مافی گشتی لە هەمەمان کاتدا مافی خوای گەورەیشە، بۆیە بە کەمتەرخەمی نواندن و هەڵەکردن دەستدرێژی دەکرێتە سەر مافی خوای گەورەش. تەنانەت دواتر ئەو کەسە مافی پێغەمبەری خوا و هەموو ئەوانەش پێشێل دەکات کە پێش ئێمە خزمەتگوزاری قورئان بوون و ئەوانەش کە حاڵی حازر خزمەتی قورئان و ڕێبازەکەی دەکەن.

ژیان لە پێناو بەرژەوەندی دەوروبەر

لە ڕاستیدا، ڕاوێژکردن بە واتایەکی دی بریتیە لە جووڵە و بزاوتنی کەسێک بۆ ژیاندنەوە و بووژاندنەوەی دەوروبەر. خۆ هەوڵدانی مرۆڤ تەنها بۆ بەرژەوەندی دەوروبەر هەموو کات زەرەر و لە دەست چوون نییە بۆ خۆی. بە پێچەوانەوە، لە هەندێ بارو دۆخدا مرۆڤ لە سایەی هەڵس و کەوتکردنی بە پێچەوانەی حەزو ئارەزووەکانی خۆی سەرکەوتن بە دەست دێنێت و، لە سایەی ژیری و مەنتقی خۆی تووشی نشوستی دەبێت. لە فەرموودەیەکی پیرۆزدا پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرمووێت:

سَبْعَةٌ يُظِلُّهُم اللَّهُ في ظِلِّهِ يَوْمَ لاَ ظِلَّ إِلاَّ ظِلُّهُ

"خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا، حەوت پۆل مرۆڤ دەخاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆی لە کاتێکدا هیچ سێبەرێکی دی دەست ناکەوێت جگە لەو".

جا هەر لەسەرەتاوە ئاماژە بە بەرپرسێکی دادپەروەر و حەققانی دەدات و دەفەرمووێت (امام عادل). ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە دادپەروەربوونی کەسی بەرپرس کارێکی زۆر زەحمەتە. لەبەر ئەوەی جیانەبوونەوەی ئەو کەسەی کە سەرکردەی کۆمەڵگەیە و نوێنەری هێزە و لە هەمان کاتدا هەموو تواناکانی گەلی لە ژێر دەستدایە، لە دادپەروەری و ئیستیقامەت و لەسەر حەق بوون و نەرموو نیانی و مرۆڤایەتی، پەیوەستە بەوەی کە ئەو کەسە ژیانی لە پێناوی خەڵکدا بەسەربەرێت. لە فەرموودەیەکی پیرۆزی تریشدا شانازی مرۆڤایەتی(صلی اللە علیە وسلم) ئاوا دەفەرمووێت:

ثَلاَثَةٌ لاَ يُكَلِّمُهُمُ اللَّهُ يَوْمَ القِيَامَةِ وَلاَ يُزَكِّيهِمْ وَلاَ يَنْظُرُ إِلَيْهِمْ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ. شَيْخٌ زَانٍ ومَلِكٌ كَذَّابٌ وعَائِلٌ مُسْتَكْبِرٌ

"سێ جۆرە مرۆڤ هەن کە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا لەگەڵیان نادوێ و، پاکژیان ناکاتەوە و تەنانەت سەیری ڕووخساریشیان ناکات. هەروەها سزایەکی جەرگبڕیشیان بۆ ئامادەکراوە. ئەمانەش بریتین لە بەساڵاچوویەکی داوێن پیس، دەسەڵاتدارێکی درۆزن و هەژارێکی لوت بەرز."

لێرەدا سەرەڕای نموونە نەرێنییەکە، سەرنجی مرۆڤ بۆ لای هەندێک تایبەتمەندی تر ڕاکێشراوە. ئەویش بەم شێوەیەیە، داوێن پیسی بۆ هەموو کەسێک حەرامە، بەڵام چوونە ناو کارێکی وا ناشرین بۆ کەسێکی بەساڵاچوو کە پێویست دەکات چیدی دەستی تێکەڵی دنیا نەکاتەوە، شتێکی لە قێزەون قێزەونترە. جا ئەو گوزارشتەی کە پێویستە بە کەسێکی ئاوا خراپکار بوترێت ئەوەیە کە بڵێی: "زۆر شوورەییە بۆ تۆ! وا سەرو ڕیشت سپی بووە هەی بێ شەرم، خۆ گەر شەرم لە مرۆڤ ناکەیت هیچ نەبێ شەرم لە خوا بکە".

دووەم پۆلی مرۆڤ کە ئازارێکی تابڵێی سەختی بۆ ئامادەکراوە بریتیە لە دەسەڵاتدارێک کە درۆکردنی کردووەتە خوو و پیشەی خۆی. جا ئەو درۆیەی کە بۆ هەموو کەس بە گوناهـ دادەنرێت، ئەگەر ئەو دەسەڵاتدارەی کە سەرکردەی کۆمەڵگەیەکە ئەو گوناهە بکات ئەوە بۆی دەبێتە گوناهێکی چەندین قات.

سێهەم پۆل کە لە فەرموودە پیرۆزەکەدا ئاماژەی پێکراوە بریتیە لە هەژارێکی خۆ بەزل زان، هەروەک وتویانە: لە دەرێ وەکو عەنتەر، لە ماڵ نیە نان و کەوەر. هەژارە بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بە زل دەزانێت و بە فیزەوە هەڵسو کەوت دەکات. جا ئیتر خەڵکی پێیناڵێن: "تۆ چیت هەیە تا خۆتی پێوە هەڵفشێنی؟!". جا ئەم لادانە ڕەفتارییەش گوناهی مرۆڤ دوو هێند دەکات. لەهەمان کاتیشدا پێویستە ئەمەش ڕوون بکەینەوە کە ئەگەر واتای پێچەوانەی فەرموودەکە وەربگرین: دەتوانین لە بەهای دەوڵمەندێکی خاکیش بگەین، لەبەرئەوەی بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی لە فەرموودەکەدا هاتووە دەوڵمەندە خاکیەکە سەرەڕای حەزو ئارەزووەکانی نەفسیشی کەچی دروست ڕەفتار دەکات.

لەم دوو فەرموودەیەدا، لە یەکێکیاندا باس لەوە دەکات کە مرۆڤ بە پێچەوانەی حەزو ئارەزووەکانیەوە ڕەفتار بکات و لەوەی تریشیاندا باس لەوە دەکات کە مرۆڤ بە گوێڕایەڵی کردنی داخوازیەکانی نەفسی هەڵس و کەوت بکات. لەبەرئەوەی دۆزەخ بە حەزو ئارەزووە جسمانیەکان دەورە دراوە، ئەو کەسەش کە جڵەوی خۆی داوەتە دەست نەفس و ئارەزووەکانی بەبێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت لەوانەیە تلێر بێتەوە بەرەو ئەوێ. خۆ ئەگەر بێینە سەر باسی بەهەشتیش، ئەوا بەو شتانە دەورە دراوە کە لە سەر دەروونی مرۆڤ قورسن واتە بە "مکاره". کەواتە ڕێگای گەیشتن بە ئەوێش بەوە دەبێت کە مرۆڤ بە شێوەیەک ڕەفتار بکات کە پێچەوانەی داخوازیە نەفسانییەکانی خۆی بێت.

ئەوەی ڕاوێژ بکات تووشی خەسارەتمەندی نابێت

پێغەمبەری ئازیزمان (صلی اللە علیە وسلم) لە فەرموودەیەکی پیرۆزدا فەرموویەتی: "ئەوەی ڕاوێژ بکات تووشی خەسارەتمەندی و زیان نابێت". بە گوێرەی ئەم فەرموودەیە ئەو کەسەی نایەوێت تووشی خەسارەتمەندی و زیان بێت، تەنانەت دەبێت ڕاوێژ لەسەر ئەو بابەتانەش بکات کە دەتوانێت بەتەنها خۆی چارەسەرییان بکات.

بەش بەحاڵی خۆم، هەمیشە هەوڵمداوە کە لەسەر بچوکترین بابەتیش لەگەڵ چەند کەسێکی دەورو بەرمدا ڕاوێژ بکەم، تەنانەت هەندێ جار سەعات یەکی شەو کاتێک کێشەیەکم بیردەکەوێتەوە، ئەگەر لەو کاتەدا کەسێکی شیاو لێرە نەدۆزمەوە تا ڕاوێژی لەگەڵ بکەم ئەوا یەکسەر پەیوەندی بە هەندێ هاوەڵم دەکەم لە تورکیا و پێیان دەڵێم: کێشەیەکی لەمجۆرە هەیە بۆ چارەسەری ئەم بابەتە تکاتان لێدەکەم بیرۆکەی جیاوازی خۆتانم پێبڵێن. هەتاکو ئێستاش لەم بابەتەدا تووشی زیان نەبوومەتەوە. خۆ ئەگەر لە ئەنجامی ڕاوێژەکەشدا بە هەڵەداچووین، ئەوا هەموومانە بەیەکەوە هەڵەمان کردووە. بەو واتایەی کە هەڵەکەمان لە نێو خۆماندا بەشکرد. خۆ کاتێکیش کە چووینەوە بارەگای خوای گەورە دەڵێین: "خوایە گیان! ئێمە لەم مەسەلەیە دوواین و ڕاوێژمان لەسەر کرد؛ بەڵام نەمان پێکا. چی بکەین، وا دیارە لەم مەسەلەیەدا ژیری ئێمە لەوە زیاتر بڕی نەکردووە."

هەندێک لەمرۆڤەکان، بە پێی ئەو پێگەیەی کە تیێیدان و بەهۆی ئەو ئەزموونانەی کە بەدەستیان هێناوە، ڕەنگە بتوانن بڵێن "من ئەم کارە باش ڕادەپەڕێنم" بەڵام دەبێت هەرگیز ئەوەش لە یاد نەکەن کە دەبێت کەسانێک بن کە بە چاوێکی گشتگیر و هەموو بینانە لە بابەتەکان بڕوانن. جا ئەو کەسانەی لەم پێگەیەدان، نابێت خۆیان بە تەنها لایەنێکی ئەو بابەتانەوە خەریک بکەن کە پەیوەندی بەمانەوەیە، بەڵکو دەبێت حساب بۆ پەیوندی شوێن و کەسانی تریش بکەن بەم بابەتەوە. بێجگە لەمەش هەندێ کەس ڕەنگە لە پێگەکەی خۆیانەوە سەیربکەن و بینینی هەندێک کار بە بەرژەوەندی خۆیان لێکبدەنەوە، کەچی لە ڕاستیدا ئەمە بەرژەوەندی ئەوانی تێدا نەبێت، بەڵکو ڕەنگە زەرەر و زیانێک بێت لە دوو توێی بەرژەوەندیدا.

لە ڕاستیدا ئەو کەسەی کە لە بڕیارێکدا بڵێت "بە بۆچوونی من" و، لە ووتنى هەر قسەیەکدا بانگەشەى شیاوی وتەکانی خۆی بکات، ئەوە ماناى گونجاوى ئەو شتە نییە. چونکە شتی ژیرانە و مەعقوول لایەنی(بە بۆچوونی من)ی نابێت. گونجاو و مەعقوول بوون ماناى ئەوەیە کە ژیرییەکی گشتی ئەو ڕاستییەی پەسەند کردبێت. بە تایبەت بە بۆچوونی (موحاسیبی)، مەعقولی و گونجاو بوون ڕاستییەکە کە مەنتق و ژیریی قورئانیی پەسەندی بکات. لەبەر ئەوە ئەگەر هەر کەسێک ویستی گونجاوی و نەگونجاوی بیر و بۆچوونەکانی خۆی تاقى بکاتەوە، ئەوە لە سەرەتادا پێویستە لەگەڵ بنەماکانى قورئان و سوننەتەدا بەراوردى بکات. ئەگەر ئەمانە نەکرێن ئەوا هەردەم گونجاوە مرۆڤ ئەو بیروڕایانەى کە بە گونجاو دەیانبینێت لەپێناو نەفسى خۆیدا وتبێتی.

ایاک نعبد و ایاک نستعین

"تەنها پەرستش و بەندایەتى بۆ تۆ دەکەین و داواى یارمەتى و کۆمەکیش هەر لە تۆ دەکەین"

ئەم ئایەتە پیرۆزە هەر یەک لە ئێمە فێر دەکات کە بڵێین "ئێمە" لە جیاتی من. لەبەر ئەوەى مرۆڤ ڕەنگە تەنها بە پەرستشی خۆى ڕزگارى نەبێت. بەڵکو لە ڕوویەکەوە ڕزگار بوونى ئەو پەیوەستە بەوەی کە لەگەڵ هاوەڵەکانیدا لە سەر هەمان هێڵ تۆوى برایەتى ڕاستەقینە لە ناخیاندا بچێنن و پەروەردەی بکەن و هەر یەکێک لەوان پاداشتى ئەوانی تریش بخاتە نێو حەوزی پاداشتى خۆیەوە. بە هەمان شێوە بەرپرسێک بۆ ئەوەى بگاتە ئەنجامێک کە نزیکترین بێت لە ڕاستیەکان و دورترین بێت لە هەڵەکانەوە، پێویستە کە بڵێت "ئێمە" و بە ژیرییەکی هاوبەش و بە بیرو هزرێکی گشتییەوە هەڵس و کەوت بکات.

بە کورتى، لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا بۆ ئەوەى خزمەتە دینییەکان دوو هێند گەورە ببن، ئەوا دەبێت ئەو کەسانەی کە پێشەنگن لەپێناو دەوروبەریاندا بژین و، بە تەواوەتى خۆیان بە دوور بگرن لە کۆمەڵە گوزارشتێکی وەک "ژیری و هزر و بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکانی من بەسن بۆ خۆم"، بەڵکو پێویستە هەر وتەیەک کە دەیڵێن و هەر بڕیاریک کە دەیدەن وابەستە بێت بە هزرێکى سیستماتیکەوە. بەڵێ، بە پێى گوزارشتی فەرموودەکە ئەو بەرپرسەى کە دەیەوێت ببێت بە "امام عادل "، دەبێت گرنگى بۆ بیر و بۆچوونی کەسانی دەور و بەری دابنێت و، ڕاوێژیان پێبکات و، بزانێت کە لە هەندێک کات و شوێندا دەبێت واز لە بیر و بڕیارەکانى خۆى بهێنێت و هەوڵ بدات گونجاوترین و مەنقیترین بدۆزێتەوە. خۆ ئەگەر بابەتەکان ڕەوانەی لیژنەیەک بکرێت بۆ ئەوەی بخوێنرێتەوە و لێیبکۆڵرێتەوە، ئەوا بە ئاڵوگۆڕى بیر و ڕاکان حەقیقەت دەردەکەوێت و بەو شێوەیە ڕی لە هەڵەکردن دەگیرێت. بەڵام ئەگەر هاتوو لە هەر بوار و لقێکدا بڕیارەکان بۆ تاکەکەس بە جێ هێڵران و بە هۆى بیرو هزرى تاکە کەسەوە هەڵسەنگێنران ئەوا بێگومان ئەمەش لە هەڵە بەدەر نابێت.