چاپکردن

ڕوانگەیەک بۆ خوێندنەوەى ڕووداوەکانى عەسرى سەعادەت

نوسراوە لە لایەن فتح الله‌ گوله‌ن بةروار: . بةشةكان گۆزەی شکاو

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر:  / 4
لاوازەنایابە 

ڕوانگەیەک بۆ خوێندنەوەى ڕووداوەکانى عەسرى سەعادەت

پرسیار: پەیوەندى حەزرەتى عەلی (رچى اللە عنە) لەگەڵ سێ خەلیفەکەى تر پرسیار: پەیوەندى حەزرەتى عەلی (رضى اللە عنە) لەگەڵ سێ خەلیفەکەى تر چۆنە (رضى اللە عنهم)؟ هەندێک لە خەڵکی بانگەشەى ئەوە دەکەن کە حەزرەتى عەلی دووبەرەکی گەورەی لەگەڵ سێ خەلیفەکەى تردا هەبووە، ڕاستى ئەم مەسەلەیە چۆنە؟ دەتوانن بۆمان ڕوون بکەنەوە؟

وەڵام: بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی تەواو تەندروست سەبارەت بەمەسەلەکە پێشکەش بکرێت پێویستە لەپێشدا حەزرەتى عەلی سەروەرمان و هەر سێ خەلیفە گەورەکەی تر (رضى اللە عنهم) بە باشى بناسین. جا ئەگەر ئەم زاتە گەورانە لە گەورەیی و قوڵیی خۆیانەوە لێیان نەڕوانرێت، ئەوا هەر لێدوانێک سەبارەت بەوان بیروڕاى جیاوازی لێدەکەوێتەوە و، بەهۆی ئەمانەشەوە ئەنجامی خراپ بەدەست دێت. ئێستاش بە پێشکەشکردنی چەند لایەنێکی گرنگ لەو ژیانە سەرسوڕهێنەرەى ئەوان هەوڵەدەین زۆر لە نزیکترەوە خولەفاى راشیدین بناسین.

سەرتاجى زنجیرەى زێڕین

گەورەمان حەزرەتى عەلی (رضى اللە عنە)، هەم لەپێش سەردەمی پێغەمبەرایەتى و هەم لەدواى پێغەمبەرایەتیش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە زۆرترین ماوە لەژێر پەروەردەی پێغەمبەری خوادا (صلى اللە علیە وسلم) ماوەتەوە. جا ئەو لەگەڵ حەزرەتى فاتیمەدا (رضى اللە عنها) هاوسەرگیرى کردووە کە پێغەمبەری خوا دەربارەى فەرمویەتى:

"فاطمة بضعة مني فمن أغضبها أغضبني" (بخاری، فضائل الصحابة ٥)، فاتیمە پارچەیەکە لە من، ئەوەى ئەو زویر بکات منى زویر کردووە و بەم هۆیەوە نزیکیەکى جیاوازتری لە نێوان خۆی و سەروەرماندا (علیە الصلاة والسلام) پێکهێنا. پێغەمبەری پێشەوامان (صلى اللە علیە وسلم) زوو زوو سەردانى ماڵیانى دەکرد و بە شەو و بە ڕۆژ دەچووە ماڵیان و لەگەڵیان دادەنیشت و، نەوەکانیانی دەکردە باوەش و خۆشەویستى خۆی بۆ دەردەبڕین. لەبەرئەوە حەزرەتى عەلی (رضى اللە عنە ) بەردەوام لە کەش و هەواى هەستەکانى سەروەرماندا (صلى اللە علیە وسلم) ژیاوە.

جگە لەمەش نەوە پیرۆزەکانی پێغەمبەر (صلى اللە علیە وسلم) لەم خانە پیرۆزەدا هاتونەتە دنیاوە و نەسەبى سەروەریشمان (صلى اللە علیە وسلم) هەر لەمانەوە بەردەوام بووە. جا حەزرەتى حەسەن بووەتە باوکى زاتە شەریفەکان و، حەزرەتى حسێنیش باوکى سەییدەکانە. ئیتر لەبەر ئەوەی کە حەزرەتى عەلی بووەتە باپیرە گەورەى چەندین زات و قوتبی گەورەى وەک أبو الحسن الشاذلى، أحمد رفاعی، عبدالقادر گەیلانى، هەروەها محمد بهاء الدین نەقشبەندى، جیاوازییەکى تابڵێی گەورەی هەیە.

"ئەگەر ئەبوبەکر نەبوایە، موسوڵمانیەتیش نەدەبوو"

هەروەها هەر یەک لە خەلیفەکانى تریش خاوەنى تایبەتمەندى زۆر جیاواز بە خۆیان بوون. بۆ نموونە، پاراستن و دەرگاوانی کردنی گەورەمان حەزرەتى ئەبوبەکر(رضى الله عنه) لە هەندێک شوێنی جیاواز و تایبەتدا بۆ پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) زۆر گرنگە. جا هەر لە سەرەتاوە پشتگیریکردنی لە پێغەمبەری خوا و، لە سینە گرتنی هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە لە کاتى هیجرەتکردن لەگەڵ سەروەرماندا لە ڕێگا ئەستەمەکاندا هاتە ڕێیان و، چەندەها جار خۆ خستنە پێش ئەو هێرشانەى کە کراونەتە سەر سەروەرمان(صلى الله علیە و سلم) و، بەرگریلێکردنی و دووبارەکردنەوەی وتەی ئیماندارەکەی قەومی فیرعەون کە دەیوت:

" أتقتلون رجلا أن یقول ربي الله" (سورەتى غافر ٢٨)

"ئایا ئێوە کەسێک دەکوژن کە دەڵێت اللە خوامە" ئەمانە هەمووى چەندین ڕووداوی گرنگن.

خۆ ڕاستیەکیش هەیە کە دەڵێت قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە. بۆیە حەزرەتى عەلى(رضى الله عنە) لە سەروو هەموو ئەو کەسانەوە دەبینرا کە بەڕێزەوە باسی حەزرەتی ئەبوبەکریان دەکرد و دەیان وت " گەر ئەبوبەکر نەبووایە، موسوڵمانیەتى نەدەبوو". هەروەها لە کاتێکى تردا حەزرەتی عەلی، گەورەیی حەزرەتى ئەبوبەکرى بەم شێوەیە خستبووە ڕوو "ژیانی شەوێکى حەزرەتى ئەبوبەکر، هەموو تەمەنى ئێمە دێنێت".

ئەو شورا نەبەزێنراوەى کە ڕاست و ناڕاست لێک جیادەکاتەوە

گەورەمان حەزرەتى عومەریش بە گوێرەی خۆی کۆمەڵێک تایبەتمەندى زۆر بەرزى هەبوو. جا حەزرەتى عومەر لە سەردەمى خەلافەتیدا لە بەرامبەر هەموو ئەو جۆرە جوڵانەوە دووڕوویی و دووبەرەکییانەدا کە هەڕەشەیان لە یەکگرتوویى ئیسلام دەکرد وەک شورایەک ئەرکى دەبینی. جگە لەوەش، ئەو لەسەردەمى خۆیدا چۆکى بە گەورەترین دوو زل هێزى وەکو بێزەنتینی و ساسانیەکان دادا و بووە هۆکارێک بۆ موسوڵمان بوونى چەندەها کەس. جا کە لە شەڕى قادسیەدا ئێران خۆى بەدەستەوەدا، ئیتر لەناو خۆیاندا جۆرە ڕق و کینەیەکیان بەرامبەر بە حەزرەتى عومەر بۆ دروست بوو. بۆیە حەزرەتى بدیع الزمان سەعیدی نورسی مەبەست و نیازی ئەوانى بەم وشانە دەربڕیووە،

"لا لحب عەلی بل لبغض عمر"

ئەمە لەبەر خۆشویستنى حەزرەتی عەلى نیە، بەڵکو لەبەر ڕق و نەفرەتیانە بەرامبەر بە حەزرەتی عومەر" (بدیع الزمان، بریسکەکان لا ٢٩-٣٠).

حەزرەتى عەلی (رضى الله عنە)، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیەکانى ئەوانى دەزانى، بۆیە لەسەردەمى خەلافەتى ئەم دوو خەلیفە گەورەیەدا ئەو ئەرکەى بەجێ گەیاندووە کە ئێمە دواتر ناومان ناوە شیخ الاسلام. واتە ئەم دوو خەلیفەیە لەکاتی فەتوا دەرکردندا لەسەر بابەتێک، زیاتر تاوتوێیان لەگەڵ ئەو کردووە. بە تایبەتى حەزرەتى عومەر زۆر پرسیاری لەو کردووە و فتواى لەو وەرگرتووە. لە کتێبەکانی فەرموودەدا ئەم ڕووداوەمان بۆ باسکراوە کە لە ڕووی دەرخستنی پەیوەندى نێوان حەزرەتى عومەر و حەزرەتى عەلى تا بڵێی گونجاو و پڕ مانایە. جا کاتێک کە حەزرەتى عومەر (رضى الله عنە)،(حجر الاسود)ى ماچ دەکرد فەرمووى: "دەزانم تۆ بەردێکی. نە سودت هەیە و نە زیان، خۆ ئەگەر پێغەمبەرى خودام (صلى اللە عەلیە وسلم) نەبینیایە کە ماچت دەکات، ئەوا هەرگیز ماچم نەدەکردیت"، حەزرەتى عەلى زۆر بەهێواشی پێی فەرموو: "ئەى عومەر ئەگەر نهێنى ئەم بەردەت بزانیایە، ئەمەت نەدەوت". لە بەرامبەریشدا وەڵامى حەزرەتى عومەر بەم شێوەیە بوو: "ئەگەر عەلى نەبووایە، عومەر تیا دەچوو" (الحکیم، المستدرک ١/٦٢٨) وەک ئەوەی دەبینرێت ئەوان هەم یەکتریان ناسیوە و هەم ڕێز و قەدری یەکتریان لابووە.

"ئەگەر کچێکى ترم هەبوایە، ئەویشم دەدایێ"

گەورەمان حەزرەتى عوسمانیش بە گوێرەی خۆی خاوەن قوڵییەکی ناخى و نەزاکەت و ناسکییەکی جیاواز بوو. پێغەمبەری نازدارمان (علیە أکمل التحایا) کچێکى خۆى لێ مارە بڕی، کە ئەمیان وەفاتى کرد، کچەکەى تریشى لێ مارە کرد. لەبەرامبەر ئەو کەسانەى کە لە بارەى ئەم بابەتەوە دەدوان، سەروەرمان (صلی اللە علیە و سلم) فەرمووی: "گەر کچێکى ترم هەبووایە ئەویشم دەدایێ". جا گەورەیی حەزرەتى عوسمان (رضى الله عنە) لەوەدا دەردەکەوێت کە، لە سەردەمێکى وادا کە هزری دەرەکی(خاریجی) هاتە ناو دنیاى ئیسلامەوە، ئەو بەڕێوبردنى دەوڵەتی بە شێوەیەکى تابڵێی ئارام بەجێ گەیاند.

خاوەن قوڵیی و تایبەتمەندى جیاواز

کەوایە، هەریەکێک لەوان لە چەند ڕوویەکی تایبەتەوە چەند تایبەتمەندیەکی باڵا و جیاوازیان هەبووە. چونکە وەک ئاشکرایە لە چاکەکارییە تایبەتییەکاندا مەڕجوح، تەڕجیحی ڕاجیح دەکات واتە: (دەکرێت فەزیلەتی تایبەتی کەسێک پێش فەزیلەتی تایبەتی کەسێکی تر بکەوێت کە ئەو کەسی دووەمە لە فەزیلەتی گشتیدا لەکەسی یەکەم لەپێشترە). هەر بۆیە لەکاتێکدا کە نازناوى (صدیق) لە حەزرەتى ئەبوبەکر و (فاروق) لە حەزرەتى عومەر کە بە واتای ئەوە دێت کە ڕاستی و ناڕاستی تابڵێی بە ورد و دروستی لێک جیا دەکاتەوە و، (ذی النورین) لە حەزرەتى عوسمان نراوە، کەچی حەزرەتی عەلی بە نازناوی (شاهى ئەولیایان و، حەیدەرى کەڕار و،شاهی مەردان و، زاواى پێغەمبەر) پەسن کراوە. جا بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەی کە هەیان بووە، هیچ کەس ناتوانێت پێیان بگاتەوە. خۆ ئەگەر بەکارهێنانى وشەى "متعال" بۆ ئادەمیزاد شیاویش نەبێت، ئەوا دەکرێت بوترێت کە، ئەوان بە هۆى بەدەستهێنانی ئەو لایەن و ڕەهەندانەی کە گەیشتن و سەرکەوتن پێیاندا ئەستەمە بۆ مرۆڤ، خاوەن جوانی و ئارایشتێکی تەواو جیاوازن. بۆ نموونە، بە ئاشکرا دەبینرێت کە لە بەڕێوبردنى دەوڵەت و بوونە خەلیفەیەکى راشیددا هاوشێوە و مانەندیان نیە. هەروەها بە پێی چەندین هۆکاری تر کە لە ژمارە نایەن، دەسەلمێت کە هەریەک لەوان کەسانێکی تابڵێی بە نرخ و بەها بوون. هەروەک ئاشکرایە لای بەڕێزیشتان کە پێغەمبەری سەروەرمان (صلى اللە علیە وسلم) ئەو چوار خەلیفە گەورەیەى لە سەرەتای "عشرة مبشرة" حساب کردووە. بۆیە دەبێت لە ڕووانگەی بەهەشتی بوونی هەریەک لە سەروەرانمان حەزرەتى ئەبوبکر و، حەزرەتى عومەر و،حەزرەتى عوسمان و، حەزرەتى عەلییەوە سەیری بەها ڕاستەقینەکانیان بکرێت.

بانگەشە و لافی هەڕەمەکی و، درۆ و هەڵبەستی بێ بنەما

کاتێ بە چاوێکی هەمەکییانە سەیری هەموو ئەمانەمان کرد، ئەوا بۆمان دەردەکەوێر کە، ئەگەر بڵێین حەزرەتى عەلی ناتەبا بووە بەرامبەر حەزرەتى ئەبوبەکر و حەزرەتى عومەر و، دواتریش بڵێین کە حەزرەتی عەلی سەرەڕای ئەوەی کە ڕاست بووە حەقی بەدەستەوەداوە و ئەو دووانەی تر ستەمیان لێکردووە، ئەوا هەر لە سەرەتاوە سوکایەتییەکی گەورەمان بە حەزرەتى عەلی کردووە. چونکە لەکاتێکدا قارەمانێکی ئازا و بوێری وەک حەزرەتى عەلی چاو پۆشی لە بچوکترین هەڵە نەکردووە، ئێستا لە بابەتێکدا کە بنەمایەکی ڕاستی نەبێت، مەحاڵە مل بۆ حەزرەتى عومەر و حەزرەتى ئەبوبەکر کەچ بکات. ئەو مرۆڤێکی جددی و خەمخۆر بووە. هەروەکو لە خەیبەریشدا دەبینرێت ئەو کەسێک بوو کە بێ چاوتروکاندن و، بە پێکەنینەوە بەدەم مەرگەوە دەڕۆیشت. لە وتەیەکدا کە دراوەتە پاڵ سەروەرمان (صلى الله علیە وسلم)، دەڵێت "لا فتى إلا علي ولا سیف إلا ذو الفقار"

(نە هیچ گەنجێک وەکو عەلى و نە هیچ شمشێرێک بەچەشنی "ذوالفقار"ە)

جا بانگەشە کردن بۆ ئەوەی کە مرۆڤێکی ئاوا گەورەی وەک حەزرەتی عەلی تەنها لەڕووی ئیشەکەیەوە پەیوەندی لەگەڵ حەزرەتى ئەبوبەکر و حەزرەتى عومەردا هەبووە و بەڕێی کردوون و بە دەمیانەوە پێکەنیوە، سوکایەتى و بێڕێزییە بەرامبەر بە ڕۆحی حەزرەتى عەلى. بۆیە پێویستە بوتریت کە ئەم جۆرە بانگەشانە خۆیان ناڕاستێتی خۆیان دەردەخەن.

خۆ گەر لەو ڕووەوە سەیر بکەین کە سەروەرمان بە درێژایى ژیانى خۆی حەزرەتى ئەبوبەکر و،حەزرەتى عومەر و، حەزرەتى عوسمانى(رضي اللە عنهم) لە نزیک خۆی دەهێشتەوە، ئەوا بیرمان نەچێت کە ئەم وتە ناڕەوایە نەرێیانەی بەم زاتە گەورانە وتراوە لە هەمان کاتدا سوکایەتییەکە بەرامبەر بە سەروەریشمان. چونکە بە هۆی ئەم بانگەشانەوە دەگەینە ئەنجامێک کە -حاشا- هەر یەک لەم جۆرە کەسانەی دەوروبەری پێغەمبەری خوا فرت و فێڵێکیان هەبووە و پێشەوای پێغەمبەران (صلی اللە علیە و سلم) باش نەیناسیون و بێ ئاگا بووە لەم فرت و فێڵانەیان، کە ئەمەش بێ ڕێزییەکی گەورەیە کە بەرامبەر سەروەرمان بکرێت. لەکاتێکدا یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی فەتانەتی ئەو بریتیە لەوەى کە کەسانی دەوروبەرى خۆی زۆر باش ناسیوە و بەم پێیە ئەرکى داونەتێ. خۆ سەروەرمان (علیە أکمل التحایا) کاتێ یەکەم جار سەیرى ڕووخساری کەسێکی کردبێ بە فەتانەتێکى زۆر بەرزەوە ڕاستەوخۆ زانیویەتی کە ئەو کەسە لە کوێدا دەکرێت سوود بەخش بێت و هەر بە گوێرەى ئەوەش ئەرکى پێ دەسپارد.

بەڵێ ناسینی ئەو پێغەمەرە ئازیزەی (صلى الله علیە وسلم) کە سرووش پاڵپشتیەتی، وەک ئەوەی کە بێئاگا بووبێ لەو کەسانەی کە لە دەورین و بەدرێژایی ژیانی و هەر لە سەرەتاکانی وەحییەوە تا گەیشتووەتە ئەو کاتەى کە بەرەو ئاسۆی ڕۆحی خۆی ڕۆیشتوە و، پاشانیش بەرەو ئاسمانەکان بەرز بووەتەوە، یاخود تا ئەو کاتەى گەیشتووە بە شوێنی(موستەقەرری) ڕاستەقینەی خۆى، لەگەڵیدا بوون و، پیشاندانی ئەوەی کە ئەم نەیتوانیبێت هەڵس و کەوتەکانی ئەوان بە باشی بخوێنێتەوە و لە بار و دۆخیان تێنەگەیشتبێت و ...هتد، ئەوا جگە لە نەخۆشییەکی ژیریی و لۆژیکی هیچی تر نییە. خۆ گەر لە ڕووانگەی لۆژیک و بیری (صراط المستقیم)ەوە سەیری ئەم بابەتە بکرێت ئەوا دەبێت بوترێت کە ئێمە هەموو کەسێکمان پێ پەسەندە کە پێغەمبەری خوا پەسەندی کردبێت و لە ئاستیاندا ڕێز دەنوێنین. جا پێغەمبەرى سەروەرمان (صلى الله علیە وسلم) لە زۆر لە فەرموودە پیرۆزەکانیدا چاکەکاری و فەزیلەتی هاوەڵانی بۆ باس کردووین. بۆیە لە کتێبەکانی فەرموودەشدا چەند بەشێکى تایبەتکراون بۆ باسکردنى چاکەکاری هاوەڵان. سەرەڕای ئەوەش لە فەرموودەیەکى پیرۆزدا شانازیى مرۆڤایەتى (صلى الله علیە وسلم) سەرنجی ئێمەی بۆ لای پێگە بڵندی هاوەڵان و نەگەیشتنی ئێمە بە بەرزی ئەوان ڕاکێشاوە و فەرموویەتى:

أصحابي کالنجوم فبأیهم اقتدیتم اهتدیتم

"ئەصحابی من وەک ئەستێرە وان، خۆ بە دوای هەر کامیان بکەون، دەگەن بە ڕاستی و هیدایەت"(علي القارى، الاسرار المرفوعة، ل ٣٨٨)

بەتایبەتى دەستیى گرتوون و فەرمویەتى "ئێمە لە لە ڕۆژی دوواییشدا بەم شێوەیە حەشر دەکرێین"؛ هەروەها لە جارێکی تردا ئاماژە بەوەدەکات کە لە سەرزەویدا دوو وەزیری هەیە و لە ئاسمانیشدا دوو وەزیر، پاشان دەفەرمووێت وەزیرەکانى سەرزەویم بریتین لە حەزرەتى ئەبوبەکر و حەزرەتى عومەر و، ئەوانەی ئاسمانیش جوبرەئیل و میکائیلن(الحکیم، المستدرک ٢\٢٩٠). بۆیە پیشاندانی بیرکردنەوەی نەرێیانە دەربارەی ئەم زاتە گەورانە لە باش نەناسینى ئەوان و پێغەمبەرى خواوە سەرچاوە دەگرێت. بێ لەمانەش سەروەرمان لەگەڵ ئەوەى کە مژدەى بەهەشتى پێداون، لەگەڵ کچى حەزرەتى ابوبکر و حەزرەتى عومەریشدا خێزاندارى کردووە، هەروەها دوو کچى خۆی داوە بە حەزرەتى عوسمان و کچێکیشى داوە بە حەزرەتى عەلى و بەم شێوەیە نزیکییەکی جیاواز تری لە نێوان خۆی و ئەماندا بنیاد نا. بە بۆچوونی محێدینی عەرەبی کە لە فصوصدا باسی کردووە، ئەگەر لە ڕووى (تأویل الأحادث)ەوە سەیرى بابەتەکە بکرێت ئەوا دەبینرێت کە کچدان بە کەسێک و کچ خواستن لە کەسێک ئاماژە بە هەندێک واتای جیاواز دەکات. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە مرۆڤی سادەین و زۆر ناچینە ناو قووڵایی بابەتەکانەوە، ئەوا منیش هەوڵەدەم ڕاستەوخۆ و بە سانایی ئاماژە بە بابەتەکە بکەم و ناچینە قوڵایی بابەتەکەوە.

ڕەنگ دانەوەی لادانێکی بچوکی چەق لە چێوەدا

سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەرچۆنێک بێت لەسەردەمانێکى دیاریکراودا هەندێک تێڕوانینی هەڵە و گومڕایانە بەرامبەر ئەم زاتانە دروستبووە. جا لەبەر ئەوەى ئەم تێڕوانینانە لە خاڵى چەقدا زۆر بەرچاو نەکەوتوون، بۆیە هەر لە سەرەتاوە پەى پێ نەبراوە. بەڵام لادانێکى بچووک لە چەقدا بووەتە هۆکارى دروستبونى درزێکى گەورە لە هێڵى چێوەدا. بەشێوەیەک لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا، ئەو درزە هێندە گەورە بووە گەیشتووەتە خاڵێکى وەها کە کەسانێک- حاشا - هەڵدەستن و حەزرەتى عەلی بە کافر دادەنێن هەندێکى دیکەش بە هۆى زیادەڕۆیى کردن لە خۆشەویستى بۆ حەزرەتى عەلی، ژیانیان بە دوژمنایەتى کردنى حەزرەتى ئەبوبەکر و حەزرەتى عومەرەوە بەسەر دەبەن. ئەوان بۆ ئەوەى ئەم دوژمنایەتیەیان ببەستنەوە بەسەر چاوەیەک یاخود پاڵپشتێکەوە، ئەوا ناوى حەزرەتى (عەلى)یان بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنن. تەنانەت هێندە زیادە ڕۆییان کردووە، جۆرە وەسفێک دەدەنە پاڵ ئەو زاتە کە هەرگیز پێى قبووڵ ناکرێ. لە کۆتایى ئەمەشدا مەسەلەکە تا ئەندازەیەک ڕۆیشتووە کە کۆمەڵێک مەزهەبى باطنی دروستببن و مەسەلەکە بخەنە بازنەى "حلول والاتحاد"ەوە. خۆ هەر لە سەرەتاوە مەزهەب گەلێکى پووچەڵى وەک حەسەن صباح، کارماتى، ئیسماعیلى و نوصەیرى دروست بوون و لە ژێر پەردەی مەهدیەتدا لە زۆر شوێنى دنیادا بڵاوبونەتەوە، جالە وتەکانیاندا ئەم جۆرە بانگەشانە بۆ حەزرەتى عەلى دەکەن.

ئەگەر لە سۆنگەى پێوانەکانى فەرموودەشەوە ڕەخنەى لێبگیرێت، وەک ئەوەش کە مامۆستا سعید نورسى لە فەرموودەیەکدا هێناویەتی کە پێغەمبەری خوا(صلى الله عەلیە وسلم) هەواڵى ئەوەی داوە کە دوو دەستە لە خەڵکان بەهۆى حەزرەتى عەلى یەوە مایە سووتاو دەبن. یەکێک لەم دوو دەستەیە -حاشا- حەزرەتى عەلی دەگەیەنێتە پلەی خوایەتی، دەستەکەی تریش -حاشا- بەهۆى چەند بابەتێکى زۆر سادەوە بە کافری دادەنێن و دوژمنایەتى دەکەن و دەستدرێژى دەکەنە سەرى بیکوژن. ئیدی ڕۆژان هات و تێپەڕی، تا ئەوەی فارسەکان هاتن و بۆ فیتنە خستنە ناو موسوڵمانانەوە، حسابیان بۆ حەزرەتى ئەبوبەکر و حەزرەتى عومەر نەکرد و بەهیچیان دانان، تەنانەت بە ڕادەیەک دوژمنایەتیان کردن کە ئەم دوو زاتە گەورەیەیان بە جیبت و تاغوت ناوزەد کرد کە ناوى دوو بتن، هەروەها بوختانیشیان بۆ دایکمان حەزرەتى عائیشە هەڵبەست.

ئەو کۆدە کلتوریانەى کە قین و نەفرەت گۆش دەکەن

ئەو کەسانەى کە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا توشى لادانێکى لەم جۆرە بوون کە باسمانکرد، ئەگەر هاتوو لە سۆنگەى گوزەرانی گشتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و هەلومەرجەکانی ئێستاوە تێڕوانین بۆ بابەتەکان بکەن، ئەوا قەت ئەم بابەتە ناشرینانە لە شوێنێکدا باس ناکەن کە هەموو کەس بیبینێ و بیبیستێ. بەڵام ئەگەر هاتوو لەم دەربڕینە پڕ لە قین و نەفرەتانە بڕوانین کە بە هۆى ڕووداوە جۆرا و جۆرەکانەوە لە ناخیاندا پێیان هەڵناگیرێ و دەرى دەبڕن، ئەوا دەبینرێت کە ئەمانە ناتوانن ناخیان لەم وتە بێ بنەما و ڕازێنراوانە هەڵبتەکێنن و سەرەڕای ئەوەش بەهۆى ئەو کەشە کلتوریەى کە تیایدا گەورە بوون و ئەو سەرچاوانەى کە پێى گۆش کراون، دەربڕینی ئەم هەڵبەستە ڕازێنراوانە گەلێک سەختە بۆیان. چونکە ئەوان، کۆمەڵێک ڕێگایان داهێناوە و گرتویانەتە بەر و کتێبیان لەمەڕ ئەم بابەتە نوسیوە. هەر لەبەرئەمەیە کە دید و بۆچونى هەمەکی ئەوان هەر لەم لایەنەوە بەرەوپێش چووە. بۆ نمونە ئەگەر بێتو لە کتێبى (أصول الخمسە)ى قاد عبدالجبار بڕوانین وەک ئەوەى کە کتێبێکى کۆکەرەوەى بنەماکانى باوەڕەکەى ئەوانە، دەبینین کە ئیمامەتى لاى ئەان کراوەتە یەکێک لە پێنج بنەماکانى ئیمان. هەروەها ئیمامیش دەبێت یەکێک بێت لە نەوەکانى حەزرەتى عەلى. خۆ بەهیچ جۆرێک کەسێکى دى نابێت بکرێتە ئیمام. جا بەهۆى ئەوەى کە ئەم مەسەلە لاوەکیانەیان لەگەڵ پایەکانی ئیمان حساب کردووە، بۆیە بوونەتە هۆکارى دروستبونى ئیختلافێکى زۆر و زەبەندە.

لە ڕاستیدا ئەگەر شیعەیی یاخود (علوى) بوون، بریتى بێت لە خۆشویستنی حەزرەتى عەلى یاخود پەیوەست بوون بە ئەهل و بەیتەوە، ئەوا هەموومان شیعە(عەلەوى)ین. جا کتێبەکانى تەسەووف و دنیای ئەدەبیاتیشمان هەموو شاهیدى ئەم مەسەلەیەن. خۆ ئەگەر بێتو هەریەک لەمانە وەربگرین و لێیان وردببینەوە، هەریەکەیان لە سەرتاپا لێوان لێوە لە خۆشەویستیی ئەهلى بەیت. ئەوە شتێکى نادروستە ئەگەر بێتو هەر لە لایەنە لاوەکیەکانەوە لە مەسەلەکە بڕوانین و پەیوەستی نەکەین بە لایەنە ئوصولییەکانەوە. هەروەک لەوەوپێشیش لە بابەتێکی تردا باسم کرد، من بەهۆى ئەو کەشە خێزانییەی کە تیایدا ژیاوم، هەمیشە بە خۆشەویستى حەزرەتى عەلى یەوە گۆش کراوم. جا هەر کە باسى پاڵەوان دەکرا، ڕاستەوخۆ ئەوم دەهاتەوە بیر. لە هزرمدا کەسێک بەرجەستە دەبوو کە لەکاتى بەرەنگاربوونەوەی دەستەویەخەدا شمشێرەکەى دەردەهێنا و پەنجا کەسی لە هەڵمەتێکدا دەکوشت. جا ئەگەر نەستی من ئەوە بوو بێت بەرامبەر حەزرەتی عەلی، ئەوا بە ئاشکرا دەکرێت بوترێت کە من شێتی ئەو بووم. لە ڕۆحمدا لە ژیریمدا خۆشەویستى حەزرەتى عەلى وەها ڕەگی داکوتابوو، بۆ ماوەیەکى زۆر، پێم ئەستەم بوو کە حەزرەتى (عەلى) لەهەمان ڕیزى خەلیفەکانى تردا دابنێم، دەمەوێت بڵێم کە قورس بوو تا توانیم هاوسەنگی بەدەست بێنم لەم بابەتەدا.

ئەو کلیلانەی خۆشەویستى کە ژەنگاویترین قفڵەکان دەکەنەوە

خۆ ئەگەر بێینە سەر ئەو باسانەی کە پێویستە لە ڕۆژانی ئەمڕۆماندا جێبەجێبکرێن، ئەوا پێویستە بڵێین کە؛ سەرەڕای هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، ئێمە بێ ئەوەی حسابی ئەوەبکەین کە ئەمە شیعەیە و ناستوریە و سوریانییە، هەوڵبدەین دەستی یارمەتیمان بۆ هەموو کەس درێژ بکەین و چاکەیان لەگەڵدا بکەین، جا ئیتر بەم شێوەیە کاریگەریە نەرێنیەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەو پەڵە تاریکی بەخشانە نەزۆک بخرێن. پێشتر سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەى ڕۆژهەڵات ئاماژەمان بەوەدا کە: دەبێت هەوڵبدەین سەرلەنوێ مەردایەتی ڕۆحی و ناخی میللەتەکەمان پیشان بدەینەوە و بە بەردەوام گۆڕینی ڕووکار و هۆکارەکان ئەم ناخەیان تێدا زیندوو بکرێتەوە. بۆ نموونە دەکرێت شەوە پیرۆزەکان هەڵبسەنگێنرێن و چەندین شتی جوانیان تێدا ئەنجام بدرێت. خۆ ئەگەر ئێوە لە مزگەوتی ناوچەیەکدا شەو بە عیبادەت ڕۆژ بکەنەوە و بەمەش نوور پرژێنی شەویان بکەن و ڕووناکی پێ ببەخشن، ئەوا هەستەکانتان یەکانگیر دەبن لەگەڵیاندا و گەورەترین کارتان کردووە لە پێناو چوونە ناو دڵانیان. لەگەڵ ئەمەشدا ناردنی کەسانی خاوەن ئەزموون و بەسیرەتی وەک پارێزگار و بەڕێوەبەری ئاسایش و دکتۆر و کارمەندانى ئەوقاف بۆ ئەو شوێنانە، تا ئەوەی ئەوانیش ساڕیژی هەموو برینەکانى کۆمەڵگە بکەن، ئەوا بە تێپەڕبوونی کات هەموو پیلان و ئاڵۆزییەکان دەتوێنەوە و لەناو دەچن. دەبێت بە بەکارهێنانی ئەو کلیلى خۆشەویستییەى کە لە دنیادا دەرگا نیە نەیکاتەوە و، بە شێوازەکەى مەولانا و سیستەماتیکەکەی یونس ئەمرە و بە ویژدانێکى فراوانى جیهانی، کێشەکان چارەسەر بکرێن و گرفتەکان نەهێڵرێن. بەڵێ، ئەگەر شتێک هەبێ کە کێشەکان لە ڕەگەوە چارەسەر بکات، ئەوا بریتییە لەوەى کە دڵمان بۆ هەموو کەس بکەینەوە و بەم جۆرە بچینە ناو دڵى کەسانى دیکەوە.

لەوانەیە بە بەکارهێنانى هێز بەشێوەیەکى کاتى کێشەکان دابمرکێنرێنەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا بە بەکارهێنانى هێز نەتوانراوە هیچ کێشەیەکى مرۆڤ لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت. خۆ ئەگەر ئێوە بە بەکارهێنانى هێز کێشەیەکیشتان دامرکاندەوە، ئەوا ئەم کێشەیە بە بەرگێکی ترەوە و لە شوێنێکى تردا سەر هەڵدەداتەوە. دەتوانرێت بووترێت کە لەناوجەرگەی فیتنەکاندا، جۆرێک لە بەکارهێنانی ڕۆحەکان بوونیان هەیە. لەبەرئەوە تا ئەو کاتەى کە بە تەواوى ئەمانە لەناو دەبرێن، ئەم فیتنانە هەردەم بە بەرگى نوێوە ڕووبەڕووى مرۆڤایەتى دەبنەوە، لەم ڕوانگەیەوە و لە ڕویەکەوە هێز یەکێکە لەو ڕێگرە گەورانەى کە دەبێتە بەربەست بۆ بەکار هێنانى ژیری و مەنتق بە تەواوی هێزیەوە. واتە، ئەگەر هەرکات بیرتان لەوە کردەوە کە گرفتەکان بە هەڵکوتانە سەر کەسانی تر چارەسەر بکەن، ئەوا بزانن کە چیدی ناتوانن ژیری و مەنتقی خۆتان لە بەرهەمهێنانی بەدیل و جێگرەوەی تردا بەکاربهێنن. هەڵبەتە و بێ گومان دەبێت هێز هەبێت، بەڵام دەبێت هەردەم بە ڕابەرى ژیری و مەنتق و بینینی وێنەی گشتی بابەتەکان و فیراسەتەوە بێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵى ویژدان و ئینسافدا بێت. لەوبڕوایەدام ئەوەى کە لە مێژووەوە بۆمان باسکراوە لە چارەسەرى کێشەکاندا ئەوەیە، کاتێ کە بە تێگەیشتنەوە هەڵسوو کەوت کرابێت، ئەوا ڕێگایەکى ئومێد بەخش پەیدابووە.