چاپکردن

م. فەتحوڵڵا گولەن بۆ ئاژانسی ڕیگنۆمی ڕووسی: ترسی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێهەمم هەیە

نوسراوە لە لایەن fgulen.com بةروار: . بةشةكان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌

هەڵسەنگاندنى بەکارهێنەر:  / 0
لاوازەنایابە 

م. فەتحوڵڵا گولەن بۆ ئاژانسی ڕیگنۆمی ڕووسی: ترسی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێهەمم هەیە

 

م. فەتحوڵڵا گولەن لە دوا دیمانەی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕێگنومی ڕوسی باسی لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی کورد لە تورکیا و بارودۆخی تورکیا بە گشتی کرد

ئەمە بەشێکە لەو ڕێپۆرتاژەی لەگەڵ ئاژانسی ڕێگنومی ڕوسی ئەنجام دراوە

پرسیار: سیاسەتی تورکیا لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆنی دەبینی؟ گەر لە گۆشەنیگای پەیوەندیەکانی نێوان ڕوسیا و تورکیا بڕوانیت داهاتوو چۆن دەبینی؟

گولەن: کاتێک سەیری پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکە دەکەم ترسی ئەوە دامدەگرێت کە جەنگی جیهانی سێهەم ڕوبدات. لەبەر ئەوەی ئەم دونیایە لەسەر بەرژەوەندی تایبەت بونیاتنراوە و لە خاڵێکدا کە ئەم بەرژەوەندیانە بە یەکدا دەدەن ئیدی کۆبونەوە لەسەر خاڵی هاوبەش ئەستەم دەبینرێت

ئەوەی لە سوریادا دەیبینین سەرەتا وەک بزوتنەوەیەک کە داوای دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەکات دەستی پێکرد، بەڵام دواتر سوریا چاوی لە دەستێوەردانی دەرەکی پۆشی و کێشەکە وەک گرێ کویرەی لێهات. برینێکی بچوک گەورە بوو تا وەکو گارگرینی لێهاتوو کیشەی وڵاتێکی ٢٠ ملیۆن کەسی وەک کیشەی هەموو دونیای لێهات.

هەموو کەس حاڵی ئەو ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتانە باش دەزانێت کە لە ڕێگەی کۆچی ئەوروپادا چیان لێبەسەر دێت.

کات ڕاستی قسەکانی شەهید سەعید ڕەمەزان ئەلبوتی بۆ هەموو لایەک دەرخست. بوتی پێی وابوو کە پڕۆسەی بە دیموکراسی کردنی سوریا دەبێت بە پەلە ئەنجام نەدرێت و بە پێی تێپەڕینی کات جێبەجێ بکرێت.

ترسی ئەوەی هەبوو کە هەر هەوڵیک بۆ گۆڕینی کاربەدەستانی وڵات شەڕێکی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە. منیش لای خۆمەوە هەر کاربەدەستێکی تورکیا هاتبێتە ئێرە ئەم قسانەم پێ وتووە. هەروەها لەم قسانەی ئەلبوتی ڕەحمەتیش ئاگادارم کردنەوە. تەنانەت نامەیەکی ناردبوو بە دەست و خەتی خۆی، ئەو نامەیەشم پشانی زۆرێک لە کاربەدەستانی تورکیا دا.

'' گوێیان لە تێبینیەکانی ئێمە نەگرت دەربارەی سوریا"

سەردەمانێک کاربەدەستانی تورکیا پەیوەندی باشیان لەگەڵ بەشار ئەسەد هەبوو. دەیانتوانی ئەسەد هان بدەن بۆ ئەوە بە شیوازێکی دیموکراسیانە لە هەڵبژاردنەکانی سوریادا خۆی هەڵبژێرێت و دەربچێت. سوریا پەیوەندی بازرگانی و سیاسی و کۆمەڵایتی باشی لەگەڵ تورکیا هەبوو، دەتوانرا لەو ڕێگەیەوە سوریا وردە وردە بەرەو وڵاتێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر ببردرێت. بەڵام ئەوان وتیان 'ئێمە لە مەلایەکەوە فێری سیاسەتی دەرەوە ببین؟' و هەر بۆیە بایەخیان بەم قسەیە نەدا.

'' پێدانی چەک بە گروپە جیهادیەکانی سوریا برینەکەی کرد بە گارگرین"

گەر کێشەکانی سوریا لە سەرەتاوە بە شیوەیەکی بابەتیانە و بە ڕاویژ لەگەل مرۆڤەکاندا هەوڵی چارەسەری بدرایە دەتوانرا چارەسەر بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بە بێ ئاگای و بە نەزانانە هەوڵی چارەسەری کێشەکایان دا مەسەلەکە شێوازێکی ئاڵۆزتری وەرگرت. کاتێک دەستیان دایە ئەوەی چەک بدەن بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا ئیدی برینەکە وەک گارگرینی لێهات. تەواوی ئەو هەلانە بە هەدەر درا کە سوریا بەرەو وڵاتێکی دیموکراسی بڕوات. باجی ئەم هەڵانە ئەو مرۆڤە هەژارانە دەیدەن کە ئێستا لە کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن و لە ڕێگای کۆچی ئەوروپادا توشی چەندین کێشە و چەرمەسەری دەبن.

لە باری ئێستادا تەنیا شت کە دەتوانرێت بکرێت ئەوەیە زۆر پێرفێکتیزمانە مامەڵە نەکەین و ڕێگە چارەیەک بدۆزینەوە کە ئەو خوێنەی دەڕژێنرێت بوەستێنرێت و ئاهێک بە بەری مرۆڤە بێ گوناحەکاندا بهێنینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پیویستە کۆمەڵگەی نێودەولەتی هەوڵیکی زۆر بدات و ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی بخرێتە گەڕ. وەک چۆن ئەمەریکا لە مەسەلەیەدا دەستێکی باڵای هەیە بە هەمان شێوە ڕوسیا فاکتەرێکی گرنگی هاوسەنگیە لەم مەسەلەیەدا و پێویستە هەردولا لەگەڵ یەکدا دیالۆگ ئەنجام بدەن.

بە پیچەوانەی ئەمە هەر شتێکی تر جێی نیگەرانی منە. ئەو چەکانەی لە ڕابردودا بەکار دەهات لە ڕابردودا ماوەتەوە، ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە. گەر جەنگی جیهانی سێهەم ڕوبدات ئەو نیوەی دونیا دەفەوتیت، خودا بمانپاریزێت. هەر وەک بەرتراند روسڵ دەڵێت: جەنگی جیهانی یەکەم فڵان شت ڕویدا، جەنگی جیهانی دوەمیش بە هەمان شیوە فڵان شت ڕویدا، لە جەنگی جیهانی سێهەمدا کەسی کوژراو لە گۆڕدایە و ئەوەشی ئەوی کوشتوە دەچێتە نەخۆشخانە لە بەشی چاودێری چڕ داخڵ دەکرێت. هەر بۆیە پێویستە تا دوا ڕادە سوود لە ڕێکارە دیپلۆماسیەکان وەربگیرێت.

پرسیار: باس لەوە دەکرێت کە لە سیاسەتی تورکیادا وەرچەرخانێک هەیە.بە هەزارەها مرۆڤ لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دەخرێنە زیندان و هاوڵاتیە کوردەکان دوچاری فشاری ناڕەوا دەبنەوە. ئێوە دەربارەی ئەمانە چی دەڵێن؟ پێت وایە چارەسەری کورد لە تورکیادا چۆن دەبێت؟

گولەن: من ساڵی ٢٠٠٦ ڕێچارەیەکم دا بە کاربەدەستانی تورکیا سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیادا بەڵام بە داخەوە گوییان پێنەدا.

گەر ئەو هاوڵاتیان بیانتوانیایە بە زمانی دایک بخوێنن و مافە کەلتوریەکانیان پێبدرایە، داواکاریەکانیان لە چوارچیوەی مەشروعیەتدا جێبەجێ بکرایە، هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە لە ڕوی ئابوریەوە خزمەت بکرانایە، مامۆستا و پۆلیس و دادوەر و داواکاری گشتی بە سۆز و ڕەحم خەڵکی ئەو ناوچانەیان لە ئامێز بگرتایە ئەوا گەنجی ئەو ناوچانە نەدەچونە شاخ. قۆناغی چارەسەری ئاشتی تا ئێستا نەمانزانی ماهیەتی چیە و چاویان لەوە پۆشی کە ناو شارەکان بکرێت بە جبەخانەی چەک. دواتر لەبەر هۆکاری سیاسی قۆناغەکە تێکچوو، پاشان هێزە ئەمنیەکان بە مەبەستی پاک کردنەوەی ئەو ناوچەیە لەو چەکانە بە چەکی قورسەوە چونە ناو شارەکان و کۆڵانەکان وەک ناوچەی جەنگی لێهات و بە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ستەم دیدە بوون.

لە سوریا یان لە عێراقدا بە نیسبەت کورد و ئێتنیکەکانی تری ئەو وڵاتانە ڕێگە چارەی گونجاو ئەوەیە مافە کەلتوریەکانیان پێبدرێت، لەو ناوچانەدا سەرمایە بە گەڕ بخرێت و خزمەتیان بکرێت، دەوڵەت ئەو هاوڵاتیانە بە هاوڵاتی خۆی بزانێت، هەروەها مافی نوێنەرایەتی خۆیان پێبدات، لە چوارچێوەیەکی مەشروعدا داواکانی تریان جێبەجێ بکات.

پرسیار: داعش ڕێکخراوێکە زیان بە سەقامگیری ناوچەکە دەدات، دەربارەی ئەمە چی دەڵێن؟ چۆن لە داعش ڕزگار ببین و بەرەنگاری ببینەوە؟

وەڵام:بۆ بەرەنگاربونەوەی ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکانی هاوشیوەی داعش پێویستە مەسەلەکە لە بنەچەوە چارەسەر بکەین. مەسەلەکە دوو ڕوی هەیە یەکەمیان ڕویەکی دینی و ڕوی دوەمیان لە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و دەرونی پێکدێت. گەر تەنیا کێشەکە لە دیندا کورت بکەینەوە ئەوا لە شوێنی خۆماندا فەڕتەناش دەکەین و ناتوانین بڕۆینە پیشەوە.

وەک چۆن بەشێک لە چارەسەری ئەم کێشەیە لە ملی موسوڵمانانە، بەشێکی تری لە ملی دەوڵەتان و میلەتەکانی ئەو دەولەتانەیە کە ئەم رێکخراوانەی لێهەڵدەقوڵێت.

لەلایەک کۆمەڵێک دەولەت هەیە کە فشار دەخاتە سەر هاوڵاتیانی و ئازادیان لێزەوت دەکات و بە دادپەروەریانە مامەڵەیان لەگەڵ ناکات و یاسا پەیڕەو ناکات. ئەم جۆرە مامەڵەیە هاوڵاتیان بێ ئومێد دەکات و ڕی خۆش دەکات بۆ ئەوەی بکەونە داوی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانەوە.

ڕێکخراوێکی شەڕەنگێزی وەک داعش هەیە، کۆمەڵەیەک چەتەن، بەڵام لەملاو لەولاوە چەکیان بۆ ڕەوانە دەکرێت و ڕێگە دەدرێت گەنجان ڕاکێشنە ناو ڕیزەکانیانەوە و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە ڕێکلام بۆ خۆیان دەکەن و نەخۆشەکانیان لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێن و سەرکردەکانیان دەستگیر دەکرێن و پاشان ئازاد دەکرێن. ئەندامەکانی بزاڤی خزمەت لە تورکیادا دەخرێنە زیندان و بە حەشحاشی و تیرۆرست ناودەبرێن، بەڵام هەمان شت بەرامبەر ئەم ڕێکخراوە ناوترێت و ئەنجام نادرێت.

"داعش زیانێکی گەورە لە موسوڵمانانی سوننی دەدات"

ئەو وڵاتانەی کە کەمینەیەکی موسوڵمان تێیاندا دەژی بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا پیویستە لە کردار و گوفتاریاندا ڕەچاوی هەستی موسوڵمانان بکەن و شتێک نەکەن کە دڵیان برەنجێنن. گەر پشتیوانی زۆرێک لە موسوڵمانان بەدەست نەهێنیت ئەستەمە لە بەڵای ئەم تیرۆرە ڕزگارمان ببێت. خۆی لە ڕاستیشدا زۆرێک لە قوربانیانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیانە هەر موسوڵمانەکانە. داعش بە ناو پارێزگاری لە مافی موسوڵمانە سونیەکان دەکات، بەڵام قوربانیەکانی زۆربەیان موسوڵمانە سونیەکانن و لە نێوانیشیاندا کوردەکانی باکوری عێراق. گەر بە گشتی سەیری بکەین دەبینین داعش زیانی بە ناوچە سونیەکانی جیهانی ئیسلامی گەیاندوە.

گەر چارەسەری کێشەکە لە بنەچەوە نەکەین، ئەوا گەر یەکێکیانمان لەناو برد یەکێکی تر سەر هەڵدەدات لەولاوە. تا دوێنێ بوو باس لە ئەلقاعیدە دەکرا، کاتێک باس لەوە دەکار کە خراوەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و بەرتەسک کراوەتەوە، لەولاوە داعش پەیدا بوو. لەولاشەوە بۆکۆ حەرام هەیە کە جەلادێکی جیاوازە لە داعش. بانگەشەی ئەوە دەکەن بە کوشتنی مرۆڤەکان دەچنە بەهەشت و بەم درۆ گەورەیە گەنجەکان هەڵدەخەڵەتینن.

ئەمە درۆیەکی هێندە گەورە و شاخدارە وەک چۆن گەنجەکەن دەکات بە وەحش لە هەمان کاتدا لەکە لە چوارچێوەی درەخشاوی ئیسلام دەدات و وا لە مرۆڤەکان دەکات لە موسوڵمانان بترسن.

ئێمەی موسوڵمان نابێت ئەم مەسەلەیە بەوە پەردەپۆش بکەین کە بڵێین داعش دەسیسەی دەوڵەتانی دەرەوە و دەزگا هەواڵگریەکانە. چونکە ئەم ڕێکخراوانە بەڵینی زۆر دەدات بە گەنجان و پەلکێشی ڕیزەکانی خۆیانی دەکات.

پرسیارەکە ئەوەیە داعش چۆن دەتوانێت گەنجانمان پەلکێشی ڕیزەکانی دەکات؟

ئایا ئێمە توانیومانە گەنجەکانمان پەروەردە بکەین و بە باشتی پێیان بگەیەنین؟

لە قورئانی پیرۆزدا باس لەوە دەکرێت کە کوشتنی مرۆڤێکی بێتاوان هاوشێوەی کوشتنی هەموو مرۆڤەکانی سەر زەویە. پێغەمبەری ئازیزمان باس لەوە دەکات کە لە کاتی جەنگیشدا نابێت کەسانێک بکوژرێن کە چەکیان پێ نیەو شەڕ ناکەن بە تایبەت ژنان و منداڵان. خودا لە قورئاندا دەفەرموێت " ئێمە رێزمان لە بەنی ئادەم گرتوە." هەموو مرۆڤێک بایەخی پێدەدرێت لەبەر ئەوەی مرۆڤە. خودا باس لەوە دەکات کە مرۆڤەکان بۆ ئەوەی یەکتری بناسن بە شیوازی جیاواز لە یەکتر دروستی کردون. جیاوازی ئێمە نیشانی دەوڵەمەندی ئێمە، ئایا ئێمە توانیومانە ئەمە لە گەنجەکانمان بگەیەنین؟

ئێمە نازانین داعش تا چەندە ڕاستگۆیە لەگەڵ ئەو شتانە کە بانگەشەی بۆ دەکات. بەڵام دەتوانین پیشبینی ئەوە بکەین کە زۆرێک لە گەنجەکانی ئەو ڕێکخراوە هەڵخەڵەتێنراون و وا پیویست دەکات سەرچاوەکانی ئەو هەڵخەڵەتاندنە لە دیندا بدۆزینەوە و چارەسەری بکەین. پێم وایە هەندێک لە گەنجەکان لە بەر ئەوەی نازانن موسوڵمانێتی راستەقینە چیە بۆیە بەم گروپانە هەڵدەخەڵەتێن. بە بانگەشە و بەڵێنەکانی ئەم گروپانە هەڵدەخەڵەتێن و دەچنە ڕیزەکانیەوە و بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن گەورەترین زیان بە ئاینی ئیسلام دەگەیەنن.

دەبینین ئەم ڕێکخراوانە بە شیوەیەکی گشتگیر لە ئاین ناڕوانن و تێڕوانینێکی هەڵەیان بۆ ئاین هەیە. نازانن هۆکاری هاتنە خوارەوەی ئایەتەکانی قورئان چیە و بارودۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو کاتە نازانن کە ئەو ئایەتانەی تێدا دابەزیوە.

ئەمە بە هەمان شێوە بە نیسبەت حەدیسەکانی پێغەمبەرەوە ڕاستە. گرنگە لە ڕۆحی قورئان و سونەت تێبگەین و بەو شێوەیە مامەڵە بکەین. ئیسلام زۆر شتی لەو سەردەمەدا بە نمونە وەک کۆیلایەتی وردە وردە هەڵگرتوە و زیندوکردنەوەی هەندێک بابەت کە لەو سەردەمەدا هەڵگیراوە پیچەوانەی ڕۆحی ئیسلامە.

هەروەک عەبدوڕەحمان عەزام لە کتێبی 'ڕیسالەی ئەبەدی' دەڵێت تەواوی شەڕەکانی پێغەمبەر و موسوڵمانە یەکەمینەکان شەڕی بەرگریکردن بوون لە خۆیان. گەر لەمە تێنەگەین ئەوا تەواوی ئەو ئایەت و حەدیسانەی باسی جەنگ دەکەن بە ئاسانی دەتوانرێت بەلاڕێدا ببردرێت.

" لە ڕێگەی پەروەردەوە دەتوانین زۆرێک لە کیشەکان چارەسەر بکەین"

بۆ ئەوەی بتوانین قورئان و سیرە و ڕۆحی ئاینی ئیسلام لە گەنجەکانمان بگەیەنین ئەوا دەبێت ڕێگای پەروەردە بگرینە بەر. لە ڕێگای پەروەردەوە زۆرێک لە کیشەکان بە تێپەڕینی کات چارەسەر دەبن.

بەها دیموکراسیەکان، ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ڕێز لە ژیان، بایەخدان بە هەموو مرۆڤ شتانێکن کە دەبێت لە وانەکانی خوێندنگەکاندا بخوێنرێت.

گەر بیر لە چارەسەرێکی کورتخایەنیش بکەینەوە ئەوا یەکگرتنی ڕوسیا و ئەمەریکا لە دژی ئەو گروپانە گرنگی خۆی هەیە. ئەم دوو وڵاتە دەتوانن ڕێگە بەوە بگرن کە گەنجەکان نەچنە ڕیزەکانی ئەو گروپانەوە و نەهێڵن برینەکە بەرەو برینێکی بێ چارەی شێرپەنجەیی بچێت.