گولەن ڕونکردنەوەی دوەمی لەسەر کوشتنی باڵیۆزی ڕوسیا بڵاوکردەوە

 گولەن ڕونکردنەوەی دوەمی لەسەر کوشتنی باڵیۆزی ڕوسیا بڵاوکردەوە

م.فەتحوڵا گولەن دوای ئەوەی دوێنێ لە ڕونکردنەوەیەکدا ئیدانەی کوشتنی ئەندریە کارلۆڤ باڵیۆزی ڕوسیا لە تورکیای کرد، ئەمڕۆ لە ڕێگەی پارێزەرەکانیەوە ڕونکردنەوەی دوهەمی بڵاو کردەوە.

لە ڕونکردنەوەکەدا هاتوە :

دوای ئەوەی دوێنێ (١٩.١٢.٢٠١٦) لە ئەنجامی هێرشکی خائینانەوە ئەندریە کارلۆڤ باڵیۆزی ڕوسیا کرایە ئامانج و گیانی لە دەست دا، بە توندی ئیدانە و نەفرەتی ئەو کارە دەکەین و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی کارلۆڤ و گەلی ڕوسیا دەکەین.

دەبێت بە ڕاشکاوانە ئەوە بڵێین کە ئەم هێرشە بە مەبەستی تێکدانی نێوانی هەردوو وڵات و گەلەکانیان ئەنجام دراوە.

دوای ئەنجامدانی ئەم کردە تیرۆرستیە، هەندێک کەسایەتی سیاسی و بە ناو ڕۆژنامەنوس و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەوڵیاندا ئەم کردە تیرۆرستیە بهێنن بەسەر بزاڤی خزمەت و فەتحوڵا گولەندا و؛ بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتێکی فراوانی لەکەدارکردن و پڕوپاگاندەی ڕەشیان دەستیپێکرد.

ئێمە ئەم بوختانانە ڕەت دەکەینەوە و لە بەر چاوی هەموو دونیا داوا دەکەین: پیلان دانەران و هاندەرانی ئەم کارە لەلایەن لیژنەیەکی دادپەروەر و بێلایەن لێکۆڵینەوەی بابەتیانەی لەسەر ئەنجام بدرێت و تەواوی بەرپرسەکانی لە بەردەم دادگاو یاسادا سزا بدرێن.

هەروەها داوا دەکەین زانیاری تەواو لەسەر هیرشبەرەکە بڵاوبکرێتەوە و، دەربخرێت کە لە قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و دورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هیزەکانی پۆلیس چ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەو هیرشبەرە ئەنجام دراوە و، کێ بۆتە ڕێفەرانسی لە کاتی وەرگرتنیدا لە هێزەکانی پۆلیس و پێشتر و پاشتر پەیوەندی بە کێوە هەبووە، تەواوی ئەم زانیاریانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

لە کاتێکدا ١٠٠ هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامبون لە بزاڤی خزمەتدا لە کارەکانیان دورخراونەتەوە و دەستگیر کراون، هەوڵدان بۆ تاوانبارکردنی بزاڤەکە بە هۆی کەسێکەوە کە هیشتا لە کارەکەی بەردەوام بووە، هیچ نیە جگە لە هەوڵی سڕینی دەستی چەوری تاوان بە سەر کەسانی تردا، کە وەک هەمیشە ئەنجام دەدرێت.

ئومیدەوارین؛ لە جیاتی بوختان بەخشینەوە،  کاربەدەستانی دەوڵەت وەک ئەرکی سەرشانیان بە شێوەیەکی جدی بە دوای ڕوداوەکەدا بگەڕێن و کەسانی پشت ئەم هێرشە قێزەونە بۆ ڕای گشتی بە زووترین کات ئاشکرا بکەن.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.